ئۆنسەیەک زیو 80 دۆلاری تێپەڕاند و بازاڕ چاوەڕوانی دوو ئاماری هەستیارە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی ئۆنسەیەک زیو 4.23٪، یاخود 3.30 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 81.27 دۆلار.
 
بەم پێیە ئێستا کیلۆیەک زیو لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 2,613 دۆلارە.
 
لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ رادەستکردنی لە مانگی ئادار، ئۆنسەیەک زیو بە 80.90 دۆلارە.
 
سەرکەوتنی هاوپەیمانییەکەی سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی، کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕ هەبووە. چاوەڕوان دەکرێت حکومەتەکەی تاکایچی سیاسەتێکی دارایی فراوانخواز پەیڕەو بکات، ئەوەش متمانەی بە بازاڕی کانزاکان بەخشیوە.
 
هاوکات بازرگانان ئەم هەفتەیە چاوەڕوانی دوو ئاماری هەستیار و گرنگی ئەمریکا دەکەن؛ رۆژی چوارشەممە ئاماری رەخساندنی هەلی کاری تایبەت لە ئەمریکا بۆ مانگی رابردوو بڵاودەکرێتەوە؛ رۆژی هەینیش ئاماری هەڵاوسان بۆ هەمان مانگ بڵاودەکرێتەوە. هەردوو ئامارەکە کاژێر 16:30 دەبن بە کاتی هەولێر.
 
کەمبوونەوەی رەخساندنی هەلی کار و کەمبوونەوەی هەڵاوسان، کاریگەریی ئەرێنییان دەبێت لەوەی هانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بدەن بەوەی رێژەی سوود کەم بکاتەوە، ئەوەش دەکرێت نرخی کانزاکانی وەک زێڕ و زیو بەرزبکاتەوە و دۆلار دابەزێنێت، بەپێچەوانەشەوە دەکرێت دۆلار بەرزببێتەوە و کانزاکان دابەزن.
 
هاوکات رۆژی هەینی، بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا لە عومان کۆبوونەوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە. هەرچەندە ئێران رژدبوونی خۆی لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم پێشانداوە، بەڵام هەوڵە دیپلۆماسییەکان تاڕادەیەک بەرزبوونەوەی نرخی زیویان سنووردارکردووە.
 
سەبارەت بە ناجێگیرییەکانی بازاڕ، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو هەڵبەز و دابەزە تووندەی هەفتەی رابردوو لە نرخی کانزا گرانبەهاکاندا روویدا، بازرگانە چینییەکان لەپشتیەوە بوون. بێسێنت ئەو دۆخەی بە "سەرکێشییەکی کاتی بۆ بەرزکردنەوەی نرخ" ناوبرد.
 
ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا نرخی ئۆنسەیەک زیو 6٪ بەرزبووەتەوە.