وەزارەتی بازرگانیی عێراق هۆکاری دواکەوتنی شایستەی دارایی جووتیاران بۆ رووداو ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایدەگەیێنێت، کار بۆ یەکخستنی تەواوی رێکارە گومرگی و کارگێڕییەکان لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان دەکەن. دەشڵێت، کێشەی دواکەوتنی شایستەی جووتیاران بەهۆی کورتهێنانی نەختینەوەیە.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، وەزارەتەکەیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری، کار لەسەر پڕۆژەیەکی گشتگیر دەکات بۆ یەکخستنی رێکارەکان لە هەموو دەروازە سنوورییەکاندا، بەجۆرێک کە رێکارەکانی گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەل لە باکوورەوە بۆ باشوور و بەپێچەوانەشەوە، بە یەک شێوە بن بۆ ئەوەی هەموو پارێزگاکان لەژێر سێبەری یەک یاسادا بن.
 
هەرچەندە پێشتر رێککەوتن کرا و بڕیاربوو مریشک لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بکرێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هەناردەکردنەکە دەستی پێنەکردووە.
 
رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەندێک لەمپەری تەکنیکی دروستبوون و سەرقاڵی چارەسەرکردنین".
 
حەنوون لەمبارەیەوە گوتی، بڕیارەکانی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت و بەرهەمی نێوخۆییە. گوتیشی، ئەگەر هێنانی مریشک لە هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ مەرج و رێساکانی ئەنجوومەنی وەزیران نەگونجێت، رێگری لێ دەکرێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە بەرهەمی هەرێمی کوردستان بە نامۆ دەبینرێت.
 
ئەو گوتەبێژە دەڵێت، پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان وەک پڕۆژەی نیشتمانیی عێراقی دەبیندرێن و بەرهەمەکەیان جێگەی بایەخە، بەڵام کاتێک کێشە دروست دەبێت کە بڕێکی زۆری مریشکی هاوردەکراو لە دەروازەکانەوە بەناوی بەرهەمی نێوخۆییەوە تێپەڕ دەبێت.
 
ئەو دەڵێت، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی دەکاتە سەر بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق. بۆیە پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگییەکی وردتر بکەن بۆ جیاکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی لە هاوردەکراو.
 
قسەکانی محەممەد حەنوون ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح.
 
"بازگەکان بۆ دڵنیابوونەوەن"
 
عێراق لە ساڵی 2023ـەوە سیستمی ئەسیکۆدا جێبەجێ دەکات کە تایبەتە بە بەدیجیتاڵیکردنی مامەڵە و داتا لە گومرگەکان، بەڵام هێشتا سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە و هەولێر و بەغدا لەسەری رێکنەکەوتوون.
 
حەنوون دەڵێت، ئامانجی سەرەکیی ئەم سیستمە بنبڕکردنی گەندەڵی، رێگریکردن لە قاچاخچێتی و یەکخستنی تەواوی رسووماتە گومرگییەکانە لە هەموو دەروازەکاندا.
 
بە گوتەی حەنوون، هەر کاڵایەک لە هەرێمی کوردستانەوە بێتە ناو ناوچەکانی دیکەی عێراق، دەبێت لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2010 و یاسای گومرگی ژمارە 23ی ساڵی 1984 بێت.
 
گوتیشی، حکومەت بۆ ئاسانکاریی هاووڵاتیان، دەرمان و زۆربەی مادە خۆراکییە بنەڕەتییەکانی لە باجی گومرگی بەخشیوە و لە هەندێک مادەی دیکەدا رێژەکەی تەنیا لەنێوان 1% بۆ 5% دیاری کردووە. ئەگەر کاڵاکان لە هەرێمی کوردستانەوە بەپێی ئەم سیستەمە و بە شێوەیەکی یاسایی بێن، هیچ ئاستەنگێکیان بۆ دروست ناکرێت.
 
حەنوون دەڵێت: بوونی بازگەکان تەنیا بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی کاڵاکان بە رێگەی یاسایی هاتوون و گومرگیان کردووە، نەک بۆ دروستکردنی ئاستەنگ. داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە هاوئاهەنگییەکانیان زیاتر بکەن، بەتایبەت لە مەرز و دەروازە سنوورییەکاندا، بۆ ئەوەی رێگە لەو دەروازە نایاساییانە بگیرێت کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی حکومەتدا نین و دەبنە هۆی تێکدانی هاوسەنگیی بازاڕ.
 
"کێشەی نەختینە هەیە"
 
بەغدا بە چەند گوژمەیەک شایستەی دارایی پاری جووتیارانی ناردووە، بەڵام هێشتا نزیکەی 200 ملیار دیناری شایستەی جووتیاران نەنێردراوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی رەتیکردەوە کە ئەمە پەیوەندی بە جیاکارییەوە هەبێت. ئەو دەڵێت کە حکومەت و سەرۆکوەزیران رێنمایی تەواویان داوە بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکان، بەڵام کێشەکە لە کورتهێنانی نەختینەیە لە وەزارەتی دارایی.
 
حەنوون ئاماژەی بەوە کرد، پارە بەشێوەی بەش بەش خەرج دەکرێن، هەندێکجار 500 ملیار و هەندێکجار کەمتر رەوانە دەکرێت. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەهۆی سرووشتی وەرزەکەیانەوە، بەرهەمەکانیان لە کۆتایی وەرزی دروێنەدا رادەستی سایلۆکان دەکەن، هەر بۆیە لە کاتی دابەشکردنی پارەشدا دەکەونە کۆتایی لیستەکان، بەڵام وەزارەت پابەندە بە خەرجکردنی هەموو دینارێکی جووتیاران و بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ چارەسەری ئەم گرفتە.
 
محەممەد حەنوون راشیگەیاند، بەغدا بە سنگێکی فراوانەوە پێشوازی لە هەر شاندێکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان. گوتیشی، بازرگانانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی بەشێکن لە سیستمی ئابووریی عێراق و وەک بازرگانانی بەسرە و زیقار مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.