کۆپەرنیکۆس: کانوونی دووەمی ئەم ساڵ پێنجەم گەرمترین مانگی یەک بووە لە مێژوودا
رووداو دیجیتاڵ
خزمەتگوزاریی کۆپەرنیکۆس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا رایگەیاند، مانگی کانوونی دووەمی 2026 وەک پێنجەم گەرمترین مانگی یەک لە مێژوودا تۆمارکراوە. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە جیهان لە یەک کاتدا رووبەڕووی دوو جەمسەری پێچەوانەی کەشوهەوا بووەتەوە؛ سەرمایەکی تووند لە نیوەگۆی باکوور و گەرمایەکی بێوێنە و لافاو لە نیوەگۆی باشوور.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگاکە کە رۆژی دووشەممە 9ی شوباتی 2026 بڵاوکراوەتەوە، تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی رابردوودا 1.47 پلەی سیلیزی لە سەرووی تێکڕای پلەکانی گەرمیی سەردەمی پێش پیشەسازییەوە بووە.
سامانسا بێرگس، بەڕێوەبەری ستراتیژیی کەشوهەوا لە ناوەندی ئەورووپی بۆ پێشبینییەکانی کەشوهەوا دەڵێت: "ئەم مانگە بیرخەرەوەیەکی تاڵ بوو بۆ ئەوەی بزانین سیستمی کەشوهەوا دەتوانێت لە یەک کاتدا سەرمایەکی تووند لە ناوچەیەک و گەرمایەکی کوشندە لە ناوچەیەکی دیکە دروست بکات."
لە هەفتەکانی کۆتایی مانگی یەکدا، نیوەگۆی باکوور کەوتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی سەرما و سۆڵەی بێوێنە؛ ئەمەش وایکرد ئەورووپا ساردترین مانگی یەکی خۆی لە دوای ساڵی 2010ـەوە ئەزموون بکات، کە تێکڕای پلەی گەرمی گەیشتە 2.34 پلە لەژێر سفرەوە. ئەم دۆخە بەهۆی تێکچوونی تەوژمە هەواییە جەمسەرییەکان بوو، کە هەوایەکی یەکجار ساردیان بەرەو ئەورووپا، ئەمریکای باکوور و سیبیریا هێنا.
بەپێچەوانەی باکوورەوە، لە نیوەگۆی باشووری زەوی پلەکانی گەرما ژمارەی پێوانەییان شکاند. ئەم گەرمایە بووە سووتەمەنی بۆ ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوانی دارستانەکان لە ئوسترالیا، چیلی و ناوچەی پاتاگۆنیا کە قوربانی لێکەوتەوە. هاوکات، بارانێکی زۆر و لافاوێکی وێرانکەر رووی لە باشووری ئەفریقا کرد، بەتایبەت لە مۆزەمبیق کە زیانێکی گەورەی بە ژیان و بژێوی خەڵک گەیاند.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی کۆپەرنیکۆس، پلەی گەرمیی رووی دەریاکان لەم مانگەدا چوارەم بەرزترین پلە بووە کە تاوەکو ئێستا تۆمارکرابێت. لە جەمسەری باکووریشدا، رێژەی سەهۆڵبەندان 6٪ لە خوار تێکڕای ئاسایی بووە، کە ئەمەش سێیەم نزمترین ئاستی تۆمارکراوە بۆ مانگی کانوونی دووەم.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەم گۆڕانکارییە خێرایانە نیشانەی بەردەوامیی گەرمبوونی گۆی زەوین بەهۆی چالاکییە مرۆییەکانەوە.