نرخی زێڕ بەرزتربووەوە و ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە نرخی زێڕ لەکاتی داخستنی بازاڕەکان درێژەیدا بە بەرزبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی و ژمارەی نوێی پێوانەیی تۆمارکرد.
یەک ئۆنسە زێڕ لەکاتی داخستنی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا بە رێژەی 0.5% بەرزبووەوە و بە 2178 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ مانگی چوار، یەک ئۆنسەی بە 2185.5 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
چەند کاژێر بەر لە داخستنی بازاڕەکان، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ تەنانەت بۆ 2195 دۆلار بەرزبووەوە.
ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا، کە رۆژی هەینی کاژێر 04:30 بە کاتی هەولێر بڵاوبوونەوە، ئاشکرایان کرد، رێژەی بێکاری لە ئەمریکا لە مانگی 2ی ئەم ساڵدا لە 3.7%وە بەرزبووەتەوە بۆ 3.9%، ئەوەش بووە هۆکار بۆئەوەی بازرگانان گرەو لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بکەن.
کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ پاڵپشتی لە نرخی کانزای زەرد، بەوپێیەی تێچووی کڕینی زێڕ کەمدەکاتەوە.
تای وانگ، شرۆڤەکارێکی سەربەخۆی بازاڕە داراییەکان لە نیویۆرک لەو بارەیەوە پێیوایە، "راپۆرتی بازاڕی کاری ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی لە مانگی شەشەوە کەمبکاتەوە."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "نرخی زێڕ بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە، بەڵام رەنگە پێش ئەوەی بەرزببێتەوە بۆ ئاستێکی بەرزتر، پاشەکشەیەکی کورت بکات."