لیژنەى دارایی یەکەم کۆبوونەوە بۆ خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، یەکەم کۆبوونەوەى دەستپێکرد بۆ ئامادەکارى خوێندنەوەى دووەمى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق. بەگوتەى ئەندامێکى ئەو لیژنەیە، ئەگەر راپۆرتەکە ئامادەبێت دەتوانرێت لە کۆبوونەوەى داهاتووى پەرلەماندا بخوێندرێتەوە.
رۆژی 9ى نیسانى 2023، موحسین مەندەلاوى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، سەرۆکایەتیى کۆبوونەوەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کرد بۆ تاوتوێکردنى راپۆرتى لیژنەکە، بەرلەوەى خوێندنەوەى دووەم ئەنجامبدرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەوە یەکەم کۆبوونەوەى دەستپێکى تاوتوێکردنى راپۆرتى لیژنەى داراییە بۆ خوێندنەوەى دووەمى پڕۆژەیاساى بودجە کە تێیدا کارەکان دابەشدەکرێن و تێبینیەکان لەبارەى پڕۆژەیاساکە کۆدەکرێنەوە، وەک هەنگاوى بەر لە ئەنجامدانى خوێندنەوى دووەم بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى.
6ى نیسانى 2023، پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق ئەنجامدا کە بڕى پارەکەى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە و بۆ ماوەى سێ ساڵە.
جەمال کۆچەر گوتیشى: "بەگوێرەى یاسا نابێت ماوەى نێوان خوێندنەوەى یەکەم و دووەم لەسێ رۆژ کەمتر بێت، ئەگەر راپۆرتى لیژنەى دارایی ئامادە بکرێت، دەتوانرێت کۆبوونەوەى داهاتووى پەرلەمانى عێراق تەرخان بکرێت بۆ خوێندنەوەى دووەم."
خوێندنەوەى دووەمى پڕۆژەیاساى بودجە بۆ گوێگرتن و زیادکردنى تێبینى لیژنەى دارایی و پەرلەمانتارانى دیکەیە لەسەر پڕۆژەیاساکە بەر لەوەى لە کۆبوونەوەیەکى دیکەى پەرلەماندا بخرێتە دەنگدانەوە.