نرخی زێڕ بۆ کەمتر لە 3300 دۆلار دابەزی

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی دووشەممە، بازاڕەکانی زێڕ لە جیهاندا بە دابەزینی نرخی کانزا زەردەکە کرانەوە.

لە یەکەم رۆژی دەستپێکی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا لە رۆژی دووشەممە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بەڕێژەی 0.4٪ دابەزی و بە 3298 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
گەشبینی بە دانووستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و چین لەسەر پێناسە گومرگییەکان کە ئەمرۆ لە لەندەن دەستپێدەکات، خواستی بۆ کڕینی زێڕ کەمکردووەتەوە.
 
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بەڕێژەی 0.9٪ دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 3317 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
لەلایەکی دیکەوە بەهێزی بازاڕی کاری ئەمریکا چانسی کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە کاڵ کردووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و بەوپێیەش گوشاری بۆ نرخی زێڕ هێناوە.
 
سێ بەرپرسی گەورەی ئەمریکا، وەزیری گەنجینە، وەزیری بازرگانی و نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا لە لەندەن ئەمرۆ لەگەڵ شاندنی چینی بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی حکومەتی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە بازرگانییەکانی نێوانیان.
 
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئوواندا لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئەو بازرگانانەی کە لە کورتمەودا دا مامەڵە دەکەن نایانەوێت زێڕ بکڕن، تاوەکو ئەنجامی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و چین بڵاونەبێتەوە، ئەوەش نرخی زێڕ دابەزاندووە."
 
بە پێی وەزارەتی کاری ئەمریکا، لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا 139 هەزار هەلی کاری نوێ رەخساوە کە زیاتر بووە لە ئاستی پێشبینیەکان. 
رێژەی بێکاریش وەک خۆی لە ئاستی 4.2٪ ماوەتەوە بەرزنەبووەتەوە. ئەمە بە ئەگەری زۆرەوە ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە کەمدەکاتەوە.