زۆربەی ئەو وڵاتانەی کێشەی مووچەیان هەبووە ئەوانەن کە گیرۆدەی جەنگ و گەندەڵین

 
 
رووداو دیجیتاڵ

زۆربەی ئەو وڵاتانەی کێشەی دواکەوتنی مووچەیان هەیە، ئەوانەن کە گیرۆدەی جەنگ و ململانێی نێوخۆ و گەندەڵین، بەڵام وڵاتانی پێشکەوتوو و ئارامیش لەو کێشەیە بەدەر نین. لێرە هەندێ نموونە باس دەکەین. 
 
کینیا
 
ئەم وڵاتە ئەفریقییە لە نیسانی 2023ـەوە تاوەکو سەرەتای 2024 نەیتوانی مووچەی فەرمانبەران و پەرلەمانتارانی لە کاتی خۆی بدات. ئەگەرچی حکومەتی وڵاتەکە نەیهێشت هیچ مووچەیەکیان بفەوتێت، بەڵام لەو ماوەیەدا مووچەکە مانگێک دوا دەکەوت. 
 
هۆکاری کێشەکە کەمبوونەوەی داهاتی باج، کەڵەکەبوونی قەرزی دەرەکی و دواکەوتنی خەرجکردنی پارە بوو لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە.
 
کینیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بە دەست گەندەڵییەوە دەناڵێنێت، بە گوێرەی دوایین راپۆرتی رێکخراوی شەفافیەتی جیهانی، لە رووی شەفافیەتەوە، لە سەر ئاستی 180 وڵات، وڵاتەکە ریزبەندی 121ی گرتووە. 
 
نایجێریا
 
لە تشرینی یەکەم تاوەکو کانوونی یەکەمی 2024، مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت لە وادەی خۆی دوا کەوت، ئەوەش بەهۆی گۆڕینی سیستم و شێوازی دابەشکردنی مووچە. هەروەها لە نێوەڕاستی ساڵی 2024، بەهۆی خەرجنەکردنی بودجە لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە، مووچەی هەرێمەکان دوا کەوت. 
 
ئەم وڵاتە لە لیستی شەفافیەتدا، لە ریزی 140ـدا دێت. 
 
ئەسیوپیا
 
ئەم وڵاتە رایگەیاندبوو کە مووچەی بەشێکی فەرمانبەرانی زیاد دەکات، بەڵام لە تشرینی یەکەم تاوەکو کانوونی یەکەمی 2024، فەرمانبەران مووچە زیادکراوەکەیان پێ نەدرا بەهۆی ئەوەش بەهۆی تەواونەبوونی وردبینی بۆ لیستی مووچەخۆران و تۆمارکردنی گۆڕانکارییەکان. 
 
ئەسیوپیا لە لیستی شەفافیەتدا لە پلەی 98ـەمیندا دێت. 
 
ئۆگەندا
 
تەممووزی 2024، بەهۆی گۆڕینی سیستمی دابەشکردنی مووچە، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان مانگێک دواکەوت. 
ئەم وڵاتە هاوشێوەی نایجێریا، لە لیستی شەفافیەتدا پلەی 140ـی لە کۆی 180 وڵات بەدەستهێنابوو. 
 
لیبیا
 
سەرەتای 2024، مووچەی 2.3 ملیۆن فەرمانبەری حکومەت دوا کەوت، ئەوەش لە ئەنجامی ناسەقامگیریی سیاسی و رکابەرایەتیی نێوان حکومەتەکانی بەنغازی و تەرابلوس، نەبوونی بودجەیەکی یەکخراو و ناکۆکیی نێوان بانکی ناوەندی و حکومەت.
 
لیبیا پار بە دەیەم گەندەڵترین وڵاتی جیهان دانرابوو و لە لیستەکەدا لە پلەی 170یەمیندا بوو. 
 
چین
 
وێڕای ئەوەی یەکێکە لە پێشکەوتووترین ئابوورییەکانی جیهان، حکومەتە خۆجێیەکانی هەرێمەکانی چین لە کۆتایی ساڵی 2024 و سەرەتای 2025، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانیان دواخست، ئەوەش بەهۆی کەوتنی قەرزێکی زۆر لەسەر حکومەتە خۆجێیەکان و کەمبوونەوەی بەهای خانوبەرە لەو هەرێمانە کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتی حکومەتە خۆجێیەکانن. 
 
پار چین بە 74ـەمین وڵات لە لیستی شەفافیەتدا دانرابوو. 
 
هیندستان
 
مووچەی مامۆستایان و ستافی قوتابخانەکانی هیندستان لە کانوونی یەکەمی 2024 تا شوباتی 2025، دواکەوتن و تاوەکو نێوەڕاستی ئادار وەریان نەگرتن، هەروەها مووچەی مانگی ئایار تاوەکو نێوەڕاستی مانگی حوزەیران دابەش نەکرا، ئەوەش بەهۆی تەواونەبوونی پڕۆسەی وردبینیی لیستی مووچەخۆران. 
 
پار هیندستان لە ریزبەندی 38ـەمی وڵاتانی جیهان بوو لە نێو لیستی شەفافیەتدا. 
 
سیریلانکا
 
ساڵی 2022 مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی وڵاتەکە دواکەوت، واتە لە هیچ مانگێکدا لە کاتی خۆی نەدەدرا، ئەوەش بەهۆی داڕمانی ئابووری، کەمبوونەوەی یەدەگی وڵاتەکە لە دەرەوە، گەندەڵی، وەرنەگرتنی یارمەتیی دەرەکی و پەتای کۆرۆنا. 
 
ئەم وڵاتە پار لە لیستی شەفافیەتدا، پلەی 121ـەمینی گرتبوو.