دەستەی گومرگەکانی عێراق: گومرگی سەر خۆراک و دەرمان زیاد نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق رایگەیاند، هیچ زیادبوونێک لە باجی گومرگیی سەر ماددەی خۆراکی، دەرمان و کاڵا بنەڕەتییەکاندا نییە و میکانیزمی نوێ بۆ هەژمارکردنی باجی کاڵاکانی دیکە پیادە دەکرێت، کە پشت بە کێش و پۆلێنی جۆری ماددەکان دەبەستێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2023 بڕیاری ژمارە 957ی دەرکرد، تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای پێناسەی گومرگی، ژمارە 22ی ساڵی 2010. سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگ بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، "بەهۆی نەبوونی سیستمی ئەلیکترۆنی و لاوازیی ژێرخان و نەبوونی کۆنترۆڵ بەسەر دەروازەکاندا، یاساکە پێشتر جێبەجێ نەکرابوو. دوای تەواوبوونی پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازەکان و جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا، ئێستا یاساکە جێبەجێ دەکرێت. یاساکە نەک هەر باجەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد ناکات، بەڵکو زۆرێکیشی کەم کردووەتەوە."
بە قسەی بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، پێشتر بەهۆی نەبوونی سیستمی ئەلیکترۆنی، ساختەکارییەکی زۆر لە وەرگرتنی باجدا هەبوو. ئێستا سپاردەی باج بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە رێگەی گومرگەوە وەردەگیرێت و سیستمی نرخی دیاریکراو هەڵوەشاوەتەوە، داهاتی دەستەی گشتیی گومرگ بەرزبوونەوەیەکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە زیاتر لە دوو تریلیۆن و 563 ملیار دینار، کە ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2003ـەوە تۆمار نەکراوە.
سامر قاسم باسی جیاوازیی نێوان باج و "رەسمی گومرگ"ی کرد و گوتی، باج وەکو "سپاردە" وەردەگیرێت، دواتر بۆ دەستەی باج دەنێردرێت و لە کۆتاییی ساڵدا لەگەڵ بازرگانەکە یەکلایی دەکرێتەوە؛ بەڵام "رەسمی گومرگی" داهاتێکی کۆتاییە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
هەروەک باسی دەکات، پێشتر بۆ کۆنتێنەرێکی 100 هەزار دۆلاری و کۆنتێنەرێکی 10 یان 20 هەزار دۆلاری، هەمان رەسم وەردەگیرا (سیستمی نرخی دیاریکراو)، بەڵام ئێستا بەپێی کێش و جۆری کاڵاکە رەسمی راستەقینە وەردەگیرێت، ئەمەش دادپەروەری لەنێوان بازرگاناندا دروست دەکات.
بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگی عێراق راشیگەیاند، رەچاوی کاڵا پێویستەکانی ژیانی هاووڵاتییانی کردووە؛ رەسمی دەرمان تەنیا 0.5%ـە، کە رێژەیەکی زۆر کەمە و لەلایەن دەوڵەتەوە پاڵپشتی دەکرێت. ئۆتۆمبێلی "هایبرید" پێشتر لێخۆشبوونی هەبوو، ئێستا وەکو ئۆتۆمبێلی ئاسایی رەسمی گومرگیی 15%ی خراوەتەسەر.
ئەوەش لە کاتێکدا، پێشتر حکومەت عێراق بڕیاری دابوو ئەو ئۆتۆمبێلانەی دۆستی ژینگەن، لە باج دەبەخشرێن.
لەبارەی زیادبوونی نرخی کاڵاکان، سامر قاسم جەختی لەوە کردەوە، تاوەکو ئێستا هیچ زیادبوونێکی راستەقینە لە نرخی کاڵاکانی بازاڕدا نییە. زیادبوونەکان تەنیا کاڵا جوانکارییەکان (وەکو ئۆتۆمبێل و ئامێری پەیوەندی) دەگرێتەوە، نەک خۆراک و دەرمان، ئەم هەنگاوانە بۆ پاراستنی پیشەسازیی نیشتمانین، عێراق دەستی کردووە بە هەناردەکردنی هەندێک ماددەی خۆراکی بۆ وڵاتانی دراوسێ، ئەمەش هەلی کار زیاد دەکات و بێکاری کەم دەکاتەوە.