لە کەرکووک بەرپرسێکی نەوتی باکوور لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکی دەڵێت، سەرۆکی یەکێک لە لیژنەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک، لەکاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیر کراوە و سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، رۆژی شەممە (10-01-2026) وردەکاریی رووداوەکەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا، دوای دانانی بۆسەیەک بۆ ئەو بەرپرسەی کۆمپانیای نەوتی باکوور، توانیویانە لەکاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیری بکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەرپرسەکە داوای بڕی 5 هەزار دۆلاری لە بەڵێندەرێک کردووە لە بەرامبەر رەزامەندیدان بۆ دروستکردنی یاریگەیەکی پێنج کەسی (تارتان) و کۆمەڵگەیەکی یاری.
عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بەرتیلەی وەرگیراوە بەرامبەر بەو کارە، بۆ دروستکردنی یاریگا و کۆمەڵگەیەکی یاری تایبەت بووە بە کۆمپانیای نەوتی باکوور."
بەگوێرەی زانیارییەکان، یاریگاکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەکەوێتە گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکووک و موڵکدارییەکەی بۆ کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە.
دەستەی دەستپاکی دەڵێت، تۆمەتبارەکە لەکاتی پێدانی نووسراوی رەزامەندی بە بەڵێندەرەکە و وەرگرتنی "بەشی یەکەم"ـی بەرتیلەکە دەستگیرکراوە.
دوای تەواوبوونی رێکارەکان و ڕەوانەکردنی بۆ دادگەی کەرکووک، دادگە بڕیاری "زیندانیکردنی تووند"ـی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەسەر تۆمەتبارەکەدا سەپاند.