وەزارەتی کشتوکاڵ: قاچاخچیێتی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەیە، بەڵام زۆر نییە
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنیت، قاچاخچیێتیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە دەروازە سنوورەکان هەیە، بەڵام بەو ئەندازەیە نییە کە وەزیری کشتوکاڵی عێراق باسیدەکات.
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "بەم دواییانە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستاندا رێکاری نوێ گیراونەتەبەر سەبارەت بە قاچاخچیێتی".
محەممەد کەریم خەفاجی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق رایگەیاندووە، لە دەروازە سنوورییە نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستانەوە کاڵا بە قاچاخ دەهێنرێت و ناتوانرێت کۆنترۆڵبکرێت. بەڵام بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "قاچاخچیێتییەکە بەو ئەندازەیە نییە".
محەممەد کەریم خەفاجی هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەو قاچاخچییەتییە کارەساتێکی مەترسیدارە و کاریگەری خراپ دەکاتە سەر کەرتی بەرهەمی ناوخۆیی".
خەفاجی ئاشکرای کرد: "5000 پەلەوەرخانە بەهۆی قاچاخچیێتی لە کارکردن وەستاون". ئەو پێیوایە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ تەنیا تەنیا بە داخستنی سنوور نییە، دەشڵێت: "دەوڵەت تاوەکو ئێستا هیچی پێشکێشی جووتیاران نەکردووە کە بەشداربێت لە بەرهەمی ناوخۆییدا".
پێشتر ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هەرێمی کوردستان هیچ دەروازەیەکی نافەرمی نییە، بەڵکو چوار دەروازەی نێودەوڵەتی هەن لەگەڵ چوار دەروازەی دیکە، کە ئەوانیش رەزامەندیی حکومەتی عێراقیان هەیە.
هەروەها بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەسەر دەروازەکان گوتی: "شاندی عێراقی هاتوون و بە نووسراوی فەرمی جەختیان لەوەکردووەتەوە، کە ئەو چوار دەروازەیەش لە کارکردن بەردەوام دەبن لەگەڵ چوار دەروازە نێودەوڵەتییەکان، تاوەکو رێکارە یاساییەکان بە فەرمی لە بەغداوە دەردەچن".