نرخی زێڕ بۆ 2868 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ، ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا لە نزیکەی بەرزترین ئاستە مێژووییەکانی خۆی، مامەڵەی پێوە دەکرێت.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ، ئەمڕۆ (دووشەممە، 10-2-2025) بەڕێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە و بە 2868 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
رۆژی هەینی، لە دوایین کۆبوونەوەی بازاڕەکان لە هەفتەی رابردوو، نرخی زێڕ گەیشتبووەوە 2886 دۆلار.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بەڕێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و، بە 2894 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند؛ بەڕێژەی 25٪ پێناسی گومرگی بەسەر هەموو بەرهەمی ئەلەمینیۆم و ئاسن دا دەسەپێنێت کە هاوردەی وڵاتەکەی دەکرێن.
ترەمپ هەروەها رایگەیاندووە لە رۆژی سێشەممە یان پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەدا، پێناسی گومرگیی پێچەوانە بەسەر هەموو وڵاتێکدا دەسەپێنێت، کە پێشتر پێناسی گومرگییان لەسەر کاڵا و بەرهەمەکانی ئەمریکا داناوە.
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ناکۆکییە بازرگانییەکان بەردەوامن و دەتوانن لەماوەیەکی کورتدا، نرخی زێڕ تاوەکو 2900 یان 2910 دۆلار بەرزبکەنەوە."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "بەو زووانە؛ پاشەکشەی بەهێز لە نرخی زێڕ روونادات، مەگەر بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە، بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت."