نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە بەرمیلێکی بە 75 دۆلارە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە، نرخی نەوت بەرزبووەوە.
 
سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند بە رێژەی 25% پێناسی گومرگی دەسەپێنێت بەسەر ئاسن و ئەلەمینیۆمی هاوردەکراودا، بەڵام نرخی نەوت کاردانەوەی نەرێنیی پێشان نەدا.
 
سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمی هاوردەکراوی ئاسن و ئەلەمینیۆمدا دەتوانێت خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن کارگەکانەوە کەم بکاتەوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 40 سەنت بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 6 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 38 سەنت بەرزبووەوە و بە 71 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پاشگەزبوونەوەی ترەمپ لە جێبەجێکردنی پێناسە گومرگییەکانی سەر مەکسیک و کەنەدا، بووەتە هۆکار بۆئەوەی بازرگانانی نەوت ئەمجارە کاریگەریی نەرێنی پێشان نەدەن و گوێیان نەداوە بە بڕیارە نوێیەکەی سەرۆکی ئەمریکا."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت، "بازرگانان و وەبەرهێنەران لەوە تێگەیشتوون لەمەودوا بە ئەگەری زۆرەوە پێناسە گومرگییەکان جێبەجێ دەکرێن و بازاڕ ئەو راستەیەی هەرس کردووە، بۆیە کاریگەریی دەستەبەجێی لەسەر نرخی نەوت دانەناوە، ئەگەرنا دەبوایە نرخی نەوتی دابەزاندایە."