وەزارەتی دارایی: لەسەر هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لەگەڵ بەغدا رێککەوتین

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەسەر چۆنیێتی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، لەگەڵ بەغدا گەیشتوونەتە رێکكەوتن.
 
بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت، بە جێبەجێکردنی هاوتاکردنی خانەنشینیی سەربازی لەگەڵ عێراق، مووچەی خانەنشیان کەمدەکات، بەڵام بڕیاردراوە بۆ مانگی شوبات مووچەکانیان وەک خۆی لێبکرێتەوە و هاوتاکردنی مووچەکانیان رابگیرێت. 
 
ئەندامێکی لیژنەی ئابووریش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، مووچەی خانەنشینان لە مانگی 2ـی 2025ـەوە دەگۆڕدرێت و بەگوێرەی کاتی دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، جێبەجێ دەکرێت.
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025) لە راگەیێندراوێکیدا گوتی "دوای کۆبوونەوەی لیژنەی سەرەکیی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بەهاوتاکردنی مووچەی خانەنشیان لە شاری بەغدا، لیژنەکە لەسەر چۆنیێتیی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق گەیشتنە رێکكەوتن."
 
وەزارەتەکە دەڵێت، "رێککەوتنەکە بەجۆرێک دەبێت؛ ئەو هاوتاکردنەی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەمووزی ساڵی 2024 تایبەت بە خانەنشینانی مەدەنی جێبەجێی کردووە، هاوشێوەی خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵە و وەک خۆی جێبەجێ کراوە."
 
دوای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی خانەنشینی عێراق، مووچەی خانەنشینی سەربازی کەمدەبێتەوە
 
لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانییەوە پێشکێشی دەکات، شێخ عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی گوتی، "دوای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی خانەنشینی عێراق لە ساڵی 2014 دا، مووچەی خانەنشینیی سەربازی کەمدەبێتەوە، چونکە مووچەی خانەنشینان لەسەر بنەمای مووچەی بنەڕەتی، جارانی ساڵانی خزمەت و جارانی 2.5 مووچەکەیان هەژمار دەکرێت، لە کاتێکدا مووچەی بنەڕەتیی هێزە ئەمنییەکان کەمە، بەڵام دەرماڵەی مەترسییان هەیە، بەوە مووچەکەیان زیادبووە، بەڵام لەکاتی خانەنشینیدا ئەو دەرماڵەیەیان بۆ هەژمار ناکرێت، بۆیە مووچەکانیان کەمدەکات، بڕوانامەش بە شێوەیەکی کەم کاریگەریی لەسەر زیادکردنی مووچەی خانەنشینان دەبێت."
 
شێخ عەزیز عەلی دەڵێت "ئەو کەسانەی مووچەکانیان کەمیکردووە، ئەوانەن کە دوای ساڵی 2014 خانەنشین بوون، بەڵام ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینەوە ئاگاداریان کردووینەتەوە، کە مووچەکانیان بۆ مانگی شوبات وەک خۆی لێبکرێتەوە، تاوەکو یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2010ـی خانەنشینی سەربازی جێبەجێ دەکرێت، کە بەگوێرەی ئەم یاسایە، هێزی پێشمەرگە، لە پێش پرۆسەی ئازادیی ساڵانی خزمەتیان بە دووهێندە بۆ هەژمار دەکرێت، ئەوەش کاریگەریی لەسەر زیادبوونی مووچەکانیان دەبێت."
 
بڕیاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی سەربازی، پێشمەرگە دێرینەکانیشی نەگرتووەتەوە، کە پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون، بەڵام لەبارەی گۆڕانکاری مووچەکانیان شێخ عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە دەڵێت، "تەنیا ئەو پێشمەرگە دێرینانەی مووچەکانیان کەمتر بووە لە 500 هەزار دینار، مووچەکانیان زیادکراوە بۆ 500 هەزار دینار، کە ئەوە بەگوێرەی یاسای خانەنیشیی یەکگرتوو؛ وەک کەمترین مووچە دیاریکراوە."
 
لە سنووری سلێمانی، نزیکەی 3000 خانەنشینی پێشمەرگە مووچەیان کەمیکردووە، ئەوەش ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە. بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ ئەو پێشمەرگانەی ئەم مانگە مووچەیان لێبڕاوە، داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی کردووە بۆیان قەرەبوو بکرێتەوە."
 
خانەنشینی گشتیی عێراق: داواکارییەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان رەوان
 
هەر ئەمڕۆ، ماهیر حوسێن، سەرۆکی دەستەی خانەنشینیی گشتیی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لیژنەیەک بە فەرمانێکی دیوانی لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران پێکهاتووە، ئەو لیژنەیە دوو جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. داواکارییەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان رەوان و داوامان لە فەرمانگەکانمان کردووە بە دەنگ داواکارییەکانەوە بچن."
 
ماهیر حوسێن دەڵێت، "ئەو لیژنەیە، کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەکات، بۆیە لیژنەکەمان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی هاوبەشیان لەسەر ئەو بابەتە ئاراستەی لیژنەی باڵای خانەنشینی کردووە و، لە ماوەیەکی نزیکدا کارەکان تەواو دەکرێت."
 
هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵییەوە جێبەجێ دەکرێت
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاندبوو "مووچەی خانەنشینان لە مانگی 2ـی 2025ـەوە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵییەوە جێبەجێ دەکرێت."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە 23ـی 11ـی 2022ـوەوە دەرچووە؛ واتە ئەوەی پێش ئەم مێژووە مووچەکەی هاوتا کراوە، هەڵدەوەشێنرێتەوە. دەشڵێت "دەمانەوێت یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، بەسەر هەموو خانەنشیناندا جێبەجێ بکرێت."
 
دەرماڵەی مەترسی، ژن و منداڵ جیاوازی دروستکردووە
 
هادی ئەکرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی بە رووداوی گوت، "جیاوازییەکە لەنێوان یاساکانی خانەنشینییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. جیاوازییەکەش لەوەیە کە دەرماڵەی مەترسی، ژن و منداڵ لە هەرێمی کوردستان بەستراوە؛ بەڵام لە یاسای خانەنشینیی عێراقیدا نییە."
 
لەبارەی جیاوازیی دیکەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خانەنشینیی پێشمەرگە دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان بڕوانامە لە سێی ناوەندییەوە هەژمار دەکرێت؛ بەڵام لە عێراق لە پەیمانگەوەیە. بڕوانامەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق حیسابی جیاوازی رێژەییان بۆ دەکرێت."
 
لە یاسای خانەنشینیی هەرێمی کوردستان بەپێی بڕوانامە، بەم شێوەیە مووچەکەی زیاد دەکات:
 
- بڕوانامەی ئامادەیی 15٪
- بڕوانامەی پەیمانگە 25٪
- بڕوانامەی ماستەر 75٪
- بڕوانامەی دکتۆرا 100٪
 
لە یاسای خانەنشینیی عێراق بەپێی بەپێی بڕوانامە، بەمشێوەیە مووچەکەی زیاد دەکات:
 
- بڕوانامەی پەیمانگە 5٪
- بڕوانامەی زانکۆ 10٪
- بڕوانامەی ماستەر 15٪
- بڕوانامەی دکتۆرا 20٪
 
'مووچەی خانەنشینانی پێش 2003 و دواتری جیاوازییان نابێت'
 
هەر ئەمڕۆ، سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان مووچەی خانەنشینبووانی پێش 2003 و دوای ئەوە نییە، چونکە دراوی ئەوکات سویسری بوو، بۆیە باوەڕناکەم کەس هەبووبێت لەو کاتەدا مووچەی لە 500 هەزار دینار زیاتر بووبێت."