عێراق دەبێتە کڕیاری یەکەمی چای هیندستان لە جیهاندا

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی هیندستان رایدەگەیێنێت، هەناردەی چای وڵاتەکەیان لە ساڵی 2025دا ریکۆردی تۆمار کردووە و عێراقیش وەکو گەورەترین کڕیاری چای هیندی لەسەر ئاستی جیهان دەرکەوتووە. ئێستا عێراق بە تەنیا نزیکەی 20%ی کۆی هەناردەی چای هیندستان پێکدەهێنێت.
 
بەپێی راپۆرتێکی بۆردی چای هیندستان، کە رۆژی سێشەممە 10ی شوباتی 2026 بڵاوکرایەوە، بڕی هەناردەی چا لە ساڵی 2025دا 9.5% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 309.4 هەزار تۆن، لە کاتێکدا ساڵی پێشتر 282.17 هەزار تۆن بووە.
 
سی موروگان، جێگری سەرۆکی بۆردی چای هیندستان رایگەیاند، "عێراق پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە چای هیندستان هاوردە دەکەن. دوای ئەویش ئیمارات لە پلەی دووەم دێت، کە زۆرجار وەک وێستگەیەک بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی چا بۆ ئێران بەکاردێت."
 
هەناردەی چای هیندی تەنیا لە عێراقدا گەشەی نەکردووە، بەڵکو بازاڕی چینیش بازدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و هەناردە بۆ ئەو وڵاتە لە 6 هەزار تۆنەوە بۆ زیاتر لە 17 هەزار تۆن بەرزبووەتەوە.
 
وەزارەتی بازرگانیی هیندستان مژدەیەکی دیکەی بە هەناردەکاران دا و رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو باجە 50%ـیەی کە پێشتر لەسەر چای هیندستان هەبوو هەڵگرتووە و ئێستا بە "سفر باج" هەناردەی بازاڕەکانی ئەمریکا دەکرێت.
 
بەرپرسانی هیندستان ئامانجیانە ساڵی 2026 ئاستی هەناردە بگەیێننە 330 هەزار تۆن، بەڵام هەناردەکاران نیگەرانن لە تووندکردنەوەی رێسا ژینگەییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و ململانێ سیاسییەکانی ئەو ناوچانەی چای بۆ هەناردە دەکەن.
 
پیشەسازیی چا لە هیندستان مێژوویەکی 200 ساڵەی هەیە و لە سەردەمی داگیرکاریی بەریتانیاوە لە ناوچەکانی ئاسام و دارجیلینگ دەستیپێکردووە. هیندستان ئێستا دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری چایە لە جیهاندا.
 
چای "ئاسام" بەهۆی تامی بەهێز و رەنگە تۆخەکەیەوە، لەنێو کلتووری عێراقیدا جێگەیەکی تایبەتی هەیە. ئەم خولیایەی عێراقییەکان بۆ چای هیندی لە ساڵانی نەوەدەکان و لە چوارچێوەی بەرنامەی "نەوت بەرامبەر خۆراک" گەیشتە لووتکە و تاوەکو ئێستاش عێراق وەک کڕیارێکی سەرەکی بۆ چای هیندستان ماوەتەوە.