بانکی ناوەندیی عێراق: نرخی فەرمیی دۆلار ناگۆڕدرێت؛ یەدەگی پێویستی دراو و زێڕمان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، نرخی فەرمیی دۆلار جێگیرە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت. ئاماژە بەوەش دەکات، "عێراق یەدەگێکی زۆری دراوی بیانی و زێڕی هەیە و تەنیا سەرچاوەی دابینکردنی دۆلاریش بانکی ناوەندییە."
رۆژی سێشەممە، 10-2-2026، لە کاتی راگەیاندنی پڕۆژەی (ئی-پسوولە) لە چیای کۆڕەک، عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق قسەی بۆ میدیاکان کرد کە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەبوو ص تێیدا تیشکی خستە سەر دۆخی ئاڵوگۆڕی دراو و رایگەیاند، "ئەو نرخەی بانکی ناوەندی بۆ دۆلار دیاریکردووە، نرخێکی فەرمی و جێگیرە. ئەوەی لە بازاڕەکان دەبینرێ، پەیوەندی بە هەندێک بازرگانەوە هەیە کە نایانەوێ پەیڕەوی رێکارە نوێیەکانی هاوردەکردن بکەن، بۆیە پەنا بۆ کڕینی دۆلار لە بازاڕی رەش دەبەن."
عەلی عەللاق گوتی، ئەو دۆخەی ئێستا هەیە کاتییە و رایگەیاند، "بە تێپەڕبوونی کات، بازرگانان ناچاردەبن بێنە نێو کەناڵە فەرمییەکان و ئەو کاتە بابەتەکە ئاسایی دەبێتەوە. ئێمە لە پرۆسەی دابینکردنی دۆلار و جێگیرکردنی نرخەکەیدا هیچ کێشەیەکمان نییە، چونکە بانکی ناوەندی خاوەنی یەدەگێکی زۆر باشی دراوی بیانی و زێڕە."
"لە عێراق تەنیا یەک بازاڕی دۆلار هەیە"
سەبارەت بە هەبوونی بازاڕی هاوتەریب، پارێزگاری بانکی ناوەندی گوتی، "ئێمە بازاڕی هاوتەریب یان بازاڕی رەشمان نییە، تەنیا بازاڕی فەرمی هەیە. لە عێراق تاکە سەرچاوەی دۆلار بانکی ناوەندییە. ئەو دۆلارەی ئێستا لە بازاڕدا دەبینرێ، ئەو بڕە پارەیە کە لای هاووڵاتییان و گەشتیاران دەمێنێتەوە، کاتێک لە دەرەوە دەگەڕێنەوە و دەیفرۆشنەوە، ئەگینا بانکی ناوەندی دۆلار بۆ هیچ مامەڵەیەکی دەرەوەی رێکارە فەرمییەکان دابین ناکات."
متمانەی نێودەوڵەتی بە حەواڵەکان
عەلی عەللاق رایگەیاند، بانکی ناوەندی میکانیزمەکانی حەواڵەی پەرەپێداوە و ئێستا لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەگونجێت؛ هەروەها گوتی، "حەواڵەکانمان لەسەر ئاستی جیهانی تەواو جێگەی متمانەن. ئێمە بەردەوامین لە وردبینیی تەواو لە پرۆسەی هاوردە و هەناردە و نرخەکان بۆ ئەوەی پرۆسەکە بێگەرد بێت."
بە گوتەی عەلی عەللاق، بانکی ناوەندی داوای لە هەموو بازرگانان کردووە رێگە دروست و فەرمییەکە بۆ مامەڵەکانیان بگرنەبەر، تاوەکو سەقامگیریی تەواو بۆ بازاڕی دراو بگەڕێتەوە و رێگری لە هەڵبەز و دابەزی نرخەکان بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی شوباتی 2026 لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 100 دۆلاری ئەمریکی لە دەورووبەری 150 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەمە لەکاتێکدا نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بەرامبەر بە 132 هەزار دینارە.