خشتەی مووچەی مانگی یەک بڵاوکرایەوە؛ لە 3 رۆژدا مووچەی هەمووان دەدرێت


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی یەکی بڵاوکردەوە و بەپێی خشتەکە لە 11-02-2026 دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات و 14-02-2026 کۆتایی دێت، بەڵام رۆژی هەینی 13-02-2026 مووچە دابەش ناکرێت.

بەپێی خشتەکەی وەزارەتی دارایی، رۆژی چوارشەممە 11-02-2026 مووچەی خانەنشینی شارستانی و پێشمەرگە، زیندانە سیاسییەکان و بەرکەوتووانی کیمیاباران، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پەروەردە، تەندروستی و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.

رۆژی پێنجشەممە 12-02-2026 مووچەی مافی مرۆڤ، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دیوانی چاودێریی دارایی، خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، وەزارەتی دارایی و ئابووری، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی داد، ئەنجوومەنی دادوەری، پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سرووشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و لاوان، کارەبا، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەی بەرگریی فریاکەوتن، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێن.

رۆژی هەینی 13-02-2026 مووچە دابەش ناکرێت و رۆژی دواتر، شەممە 14-02-2026 مووچەی هەریەکە لە پێشمەرگە (دیوان و لیواکان)، یەکەی 70 و 80، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و دامودەزگا نەوتییەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش مووچە وەردەگرن.

 
ئەوەش لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 10-02-2026 رایگەیاند، تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026 خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان، بەڵام زیاتر لە 36 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی دایەوە و رایگەیاند، تەواوی ئەو بڕە پارەیەی ناردوویانە بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بەپێی یاسا و رێکارە داراییەکان بووە. دەشڵێت، "ئەو پارە زیادەیەی داوا دەکرێت، پێویستی بە یاسا هەیە و لە خشتەکانی بودجەی 2026دا جێگەی دەکرێتەوە."

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا قسەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی لەبارەی کورتهێنانی ئەو پارەیەی بەغدا بۆ مووچە ناردوویەتی، بە "بانگەشە" ناوهێناوە.