ئەپیکور: رێککەوتنی نوێ بکرێت، ئامادەین بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوتی کوردستان

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایدەگەیێنێت، ئاماژە بۆ گرنگیدان بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان هەیە و هەر کە رێککەوتنی نوێ کرا، ئامادەن بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوت.
 
ئەپیکۆر سوپاسی نیاز و لێدوانەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەکات، کە ئاماژە بە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا دەکەن.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان چاوەڕێیە رێککەوتنی نوێ بکرێت و دەڵێت، هەر کە رێککەوتنی نوێ کرا، کۆمپانیاکانیان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. ئامادەییشی دەربڕیوە بۆئەوەی لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆببنەوە.
 
ئەپیکور ئاماژەی بەوە کردووە، مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا هانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەدات بەربەستەکانی بەردەم کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لاببات، ئەوەش وەکو بەشێک لە گەشە و سەربەخۆیی کەرتی وزەی عێراق.
 
لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، رۆژی یەکشەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. لە پۆستەکەدا هاتووە "راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، داوای لە حکومەتی عێراق کرد لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە بەجێماوەکانی گرێبەستەکان و دانەوەی قەرزی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری وزە."
 
بەرپرسە باڵاکەی ئیدارەی ترەمپ داوای لە سوودانی کردووە، بەغدا "هاوئاهەنگیکارێکی بواری وەبەرهێنان دابمەزرێنێت بۆئەوەی کار لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە بکات، کە دەیانەوێت لە عێراق کار و وەبەرهێنان بکەن."
 
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، عێراق هاندەدات دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان خێرابکات بۆ ئەوەی زێڕە رەشەکە بگاتەوە بازاڕەکانی جیهان، لە دابەزاندنی نرخدا یارمەتیدەر بێت و لە هەمان کاتیشدا عێراق پشتبەستن بە نەوتی ئێران کەمبکاتەوە، لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی لە دژی تاران چالاککردووەتەوە بۆ ئەوەی سەرچاوە ئابوورییەکانی لێ وشک بکات و بە گوتەی خۆی، نەهێڵێت ئێران ببێتە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی.
 
بەڵام تاوەکو ئێستا گفتوگۆی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بە ئەنجام نەگەیشتوون.
 
زۆرترین ناکۆکی لەسەر میکانزمی پارەدان بە کۆمپانیاکان و گەرەتنیکردنی دانەوەی قەرزەکانیان و پارەی داهاتوویانە.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) کە نوێنەرایەتیی 8 کۆمپانیای بیانیی نەوت دەکات، لە نەبوونی گەرەنتی و رێککەوتنی فەرمی لە بارەی پارە کۆمپانیاکانی نیگەرانە.