زیو گەیشتەوە نزیکەی 90 دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە نرخی ئۆنسەیەک زیو 1.36 دۆلار بەرزبووەوە و بە 88.37 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. بەرەبەیانیی ئەمڕۆ زیو ئاستی 89.97 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
 
بەم پێیە لە بازاڕەکانی جیهاندا ئێستا کیلۆیەک زیو بە 2,841 دۆلارە.
 
نرخی ئۆنسەیەک زیو لە مامەڵەکانی ئایندەشدا بە 88.68 دۆلارە.
 
دابەزینی نرخی دۆلار هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیوە. ئەمە لەکاتێکدا دێت بەیانیی دوێنێ ئۆنسەیەک زیو ئاستی خوار 80 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
 
هیوای وەبەرهێنان بۆ کۆتاییهاتنی خێرای جەنگی ئێران، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی کانزاکانە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکەی ئەمریکا لە ئێران لە کۆتاییهاتن نزیکبووەتەوە و زۆر خێراتر لە وادەی پێشبینیکراوی سەرەتایی بەڕێوەدەچێت کە چوار بۆ پێنج هەفتە بوو. 
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، پلانی هەیە سزاکانی پەیوەست بە نەوت لەسەر وڵاتان، لەنێویاندا رووسیا هەڵبوەشێنێتەوە و هێزی دەریایی ئەمریکا یاوەریی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز بکات، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی نەوت.
 
لە رۆژانی رابردوودا نرخی دۆلار بەهۆی زۆریی خواستی وەبەرهێنەرانەوە بەرزببووەوە، ئەوەش نرخی کانزاکانی زێڕ و زیوی دابەزاند، چونکە ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ترسیان لەبارەی پەککەوتنی ئابووری و سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسان دروستکردبوو.
 
هاوکات وەبەرهێنەران چاوەڕوانی داتاکانی هەڵاوسانی مانگی رابردوون لە ئەمریکا. داتاکە سبەی کاژێر 15:30 بەکاتی هەولێر بڵاودەبێتەوە.
 
هەڵاوسان لە ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمدا لە 2.7٪ـەوە بۆ 2.4٪ دابەزیبوو، بەڵام لە داتاکەی سبەی، پێشبینی ناکرێت بە تەواوی کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران رەنگبداتەوە.