عێراق، سعودیە، ئیمارات و کوێت سێیەکی پێشوویان نەوت بەرهەم دەهێنن
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەڕی ئێرانەوە، عێراق بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە کەمکردووەتەوە.
ئاژانسی بلومبێرگ لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، سعودیە 2 بۆ 2.5 ملیۆن بەرمیل، ئیمارات 500 هەزار بۆ 800 هەزار بەرمیل، کوێت نزیکەی 500 هەزار بەرمیل و عێراقیش نزیکەی 2.9 ملیۆن بەرمیل، بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتیان کەمکردووەتەوە.
پێش شەڕی ئێران، عێراق 4.35 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی بەرهەمدەهێنا.
زیانی هەر رۆژێک داخرانی تەنگەی هورمز لەسەر عێراق، 200 بۆ 250 ملیۆن دۆلارە.
شەڕی ئێران کە ئێستا لە هەفتەی دووەمیدایە و زیاتر لە 12 وڵاتی تێوەگلاوە و داخرانی تەنگەی هورمز بۆ 11ـەمین رۆژ، هۆکاری بڕیارەکەی وڵاتانن بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت.
داخستنی رێڕۆی سەرەکیی هەناردەکردن لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە بووەتە هۆی پڕبوونی کۆگاکانی نەوت.
راگرتنی بەرهەمهێنان و داخرانی هورمز، دوێنێ دووشەممە نرخی نەوتی بۆ نزیکەی 120 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزکردەوە، کە بەرزترین ئاست بوو لە تەمموزی 2022ـەوە، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە نرخ بۆ کەمتر لە 100 دۆلار دابەزی، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رەنگە شەڕەکە بەمزووانە کۆتایی بێت.
ئەمین ناسر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە، رۆژی سێشەممە لە کاتی بڵاوکردنەوەی داهاتی کۆمپانیاکەیدا ئامادە نەبوو لێدوان لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی بدات.