وەزارەتی وزەی ئوردن بۆ رووداو: تاوتوێی توانای بەندەرەکانمان بۆ وەرگرتنی نەوتی عێراق دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای داخرانی تەنگەی هورمز لە 28ی شوباتەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق کار بۆ فراوانکردنی نەخشەی هەناردەکردنی نەوت دەکات و دەیەوێ لە رێگەی تانکەر و کاراکردنەوەی هێڵە ستراتیژییەکانەوە قەرەبووی داخرانی رێڕۆ ئاوییەکە بکات. گوتەبێژی وەزارەتی وزەی ئوردن دەڵێ، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی تەکنیکین بۆ رێگەدان بە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بەندەرەکانیان.
 
لە چوارچێوەی پلانە نوێیەکانی حکومەتی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی راگیرانی هەناردەی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، 15ی مانگی رابردوو بە رووداوی گوت: "بڕیارە نەوتی بەسرە لە کۆگای (زوبێر 1)ـەوە بە تانکەر هەناردەی بەندەرەکانی بانیاس و تەرتووس لە سووریا، هەروەها بۆ بەندەری عەقەبە لە ئوردن بکرێ. بڕی ئەو نەوتەی بە تانکەر هەناردە دەکرێ، بۆ هەردوو دەرچەکە نزیکەی 150 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا."
 
سەبارەت بە وردەکاریی ئەو هەنگاوانە، ساحیب بەزوون، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ هەینی، 10ی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتەکەی داوای لە ئوردن کردووە رێگەبدات بە تەنکەر لە رێگەی خاکی ئەو وڵاتەوە نەوتی عێراق هەناردە بکرێ، ئەمەش وەک بەشێک لە پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتەکەی.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: "ئەوەی ئێستا کاری لەسەر دەکرێت، هێڵی بۆریی نیشتمانییە بۆ بەندەری جەیهان کە لە شەڕی داعشدا زیانێکی زۆری بەرکەوت. ئەو هێڵە توانای هەناردەکردنی نزیکەی ملیۆنێک و 600 هەزار بەرمیلی لە رۆژێکدا هەیە."
 
ساحب بەزوون دەڵێت: "خواستی ئێمە ئەوەیە لانیکەم 600 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی ئەو بۆرییەوە هەناردەی جەیهان بکەین. بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەفەرمی هێڵەکە بکەینەوە."
 
لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی ئوردن چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە تەکنیکییەکان دەکات بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەکە. ئەمڕۆ هەینی، لیندا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی وزە و سامانە کانزاییەکانی ئوردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا هیچ هەناردەکردنێکی نەوت لە عێراقەوە بۆ ئوردن نییە، بەڵام لەلایەن چەند لایەنێکەوە پەیوەندیمان پێوە کراوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری هەناردەکردنی نەوتی رەش و نەوتی خاو لە رێگەی خاکی ئوردنەوە."
 
ئوردن تەنیا یەک بەندەری هەیە کە ئەویش بەندەری عەقەبەیە کە دەکەوێتە سەر دەریای سوور و وێستگەیەکی تایبەتی بۆ نەوت و گازی تێدایە.
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی وزەی ئوردن گوتی، ئێستا لێکۆڵینەوەی تەکنیکی دەکرێ بۆ دیاریکردنی بڕی هەناردەکراو و توانای بەندەرەکانی ئوردن بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە نەوتە و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان بڕیاری کۆتایی دەدرێ.
 
لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی ئەم ساڵ، ئێران تەنگەی هورمزی داخست. وەک قەرەبوویەکیش بۆ راگیرانی هەناردەی نەوت، لە رۆژی 17ی مانگی رابردوودا حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتن کە نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکرێ و ئێستا رۆژانە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی ئەو بۆرییەوە هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرێ.