نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت نزیکبووەتەوە لە 64 دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی هەینی بە ریژەی 2% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و نزیکبووەوە لە 64 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە کاتێکدایە، رێککەوتنی بازرگانیی نێوان بەریتانیا و ئەمریکا یەکلایی بووەتەوە، بازرگانانیش گەشبینن بە رێککەوتنی نێوان چین و ئەمریکا لەسەر کێشە بازرگانییەکانیان.
رۆژی هەینی نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور یەک دۆلار و 7 سەنت بەرزبووەوە، بەرمیلێکی بە 63 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش یەک دۆلار و 11 سەنت بەرزبووەوە و بە 61 دۆلار و 2 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
چارەسەربوونی کێشە بازرگانییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکان دەتوانێت نیگەرانییەکان لەسەر سستبوونەوەی ئابووریی جیهان کەم بکاتەوە، بەو پێیەش خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت بەرز بکاتەوە.
دانوستاندنەکانی نێوان چین و ئەمریکا لەسەر کێشە بازرگانییەکانیان ئەمڕۆ شەممە دەستپێدەکات.
ئەگەری رێککەوتنی نێوان دوو وڵات، نرخی زێڕی لەم هەفتەیەدا بە ریژەی زیاتر لە 3% بەرزکردووەتەوە.
ئالێکس هۆد، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (ستۆن ئێکس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "گەشبینی لەسەر چارەسەربوونی کێشە بازرگانییەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی دیکە، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر بازاڕی وزە داناوە."