یەک ئۆنسە زێڕ بە 3340 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ لە رۆژی هەینی، دوایین رۆژی مامەڵەکانی هەفتە، بە ریژەی 1.1% بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی گەیشتە 3340 دۆلار.
 
هۆکاری بەرزبونەوەی نرخی زێڕ بۆ دابەزینی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە. بەو پێیەش، نرخی زێڕ لە هەفتەی رابردوودا بە ریژەی 3.1% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا کانزای زەرد بە ریژەی 27% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە ریژەی 1.1% بەرزبووەوە گەیشتە 3344 دۆلار.
 
پێنوێنی دۆلار کە نرخی دۆلار بەرامبەر بە 6 دراوی سەرەکی دەپێوێت، رۆژی هەینی بە رێژەی 0.3% دابەزی.
 
لە رۆژی شەممەوە، وتووێژەکانی نێوان چین و ئەمریکا لەسەر کاروباری بازرگانیی نێوانیان لە سویسرا دەستپێدەکات و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، 80%ی پێناسە گومرکییەکان لەسەر چین گونجاون و لە شوێنی خۆیدان.
 
هەڵگیرسانی شەڕی بازرگانیی نێوان چین و ئەمریکا لە ئەم ساڵدا بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە ئەم ساڵدا هەژمار دەکرێت.
 
چارەسەربوون و ئەگەری رێککەوتنی نێوان یەکەم و دووەم گەورەترین هێزی ئابووریی جیهان، بە ئەگەری زۆرەوە گوشار لەسەر نرخی زێڕ دروستدەکات.
 
دەیڤید میگەر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (های ریج فیوچەرز) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ناڕوونییەکانی پەیوەست بە پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی لەسەر چین، بوونە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە چەند مانگی رابردوودا."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، لە چەند مانگی رابردوودا نرخی زێڕ بەردەوام بەرەو بەرزبوونەوە رۆیشتووە، بەڵام لە چەند هەفتەی داهاتوودا پێشبینی ناکەن ئاراستەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەو خێراییەی پێشتر بەردەوام بێت، زیاتر لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوەدەکرێت.