وێنەی مانگە دەستکردەکان دزەکردنی نەوت لە خارگەوە بۆ نێو کەنداو پێشاندەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

وێنە مانگە دەستکردەکان کە ئاژانسی ئاسۆشێتد پرێس پێداچوونەوەی بۆ کردوون، ئاشكرای دەکەن پەڵەیەکی نەوت لە کەنداو دەردەکەوێت کە لە لای رۆژئاوای دوورگەی خارگەوە سەرچاوەی گرتووە، کە وێستگەی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێرانە.
 
ئامی دانیال، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ویندوارد پەیوەست بە زانیاریی دەریایی، مەزەندە دەکات نزیکەی 80 هەزار بەرمیل نەوت لە دوورگەی خارگەوە دزەی کردبێتە نێو کەنداوەوە.
 
دیمەنەکان وێنەی مانگی دەستکردە کە یەکەمجار رۆژی سێشەممەی رابردوو وەرگیراون و بینراون.
 
هێشتا نازانرێت ئایا رژانی نەوتەکە بەهۆی کێشە تەکنیکی لە دامەزراوە نەوتییەکانی خارگ بووە یان هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەکە بووەتە هۆی دزە کردنی نەوت لە کۆگاکانی نەوتی ئەو دوورگەیە.
 
نینا نۆیل، پسپۆڕی ئۆپەراسیۆنە نێودەوڵەتییەکان رێکخراوی "گرینپیس"ی ئەڵمانیا، پێیوایە هەڵسەنگاندنە سەرەتایییەکان و وێنە نوێیەکان دەریدەخەن کە نەوتە رژاوەکە پێدەچێت کاریگەری لەسەر وشکانی دانەنابێت، بەڵام رەنگە کاریگەری لەسەر ژینگەی دەریا دانابێت.