کۆنتڕۆڵی جۆریی عێراق بۆ رووداو: ئەم ساڵ چوار تۆن زێڕ هاوردە کراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەزگای ناوەندی بۆ پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆریی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ چوار تۆن زێڕ هاوردەی عێراق کراوە.
 
فەیاز دلێمی، سەرۆکی دەزگای ناوەندی بۆ پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆریی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو سەرەتای مانگی پێنج، نزیکەی چوار تۆن زێڕ هاوردەی عێراق کراوە."
 
دلێمی باسی سەرچاوەی هاوردەکردنی ئەو زێڕەی کرد و گوتی، "95%ی لە ئیمارات و 5%کەی دیکە لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت، زێڕیش تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە هاوردە دەکرێت."
 
فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بریتین لە بەغدا، بەسرە، نەجەف، موسڵ، کەرکووک، هەولێر و جەلال تاڵەبانی.
 
سەرۆکی دەزگای ناوەندی بۆ پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆریی عێراق رایگەیاند، کاری یەکەی پشکنین لە فڕۆکەخانەکان بە درێژایی 24 کاژێر بەردەوامە بۆ خێراکردنی رێکارەکانی پشکنین و مۆرکردن و رێگری لە هەر دواکەوتنێکی ئەو بارانەی کە دەگەنە عێراق.
 
پێشتر بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە لە 28ی شوبات دەستیپێکرد، بۆ زیاتر لە 40 رۆژ ئاسمانی عێراق داخرا، دواتر هاوردەکردنی زێڕ دەستیپێکردەوە.