هەرێمی کوردستان زیاتر لە 50 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی بۆ بەغدا نارد

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داهاتی نانەوتییان بۆ مانگی نیسان خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق، کە زیاتر لە 50 ملیار دینارە.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئایاری 2026 لەسەر بڕیاری وەزارەتەکەیان بڕی 50 ملیار و 292 ملیۆن و 213 هەزار دیناریان وەکو داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسان بە شێوەی کاش خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
 
 
رۆژی پێنجشەممە، 7ی ئایاری 2026 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆی داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان نزیکەی 100 ملیار دینار بووە، "لەو بڕەش نزیکەی 52 ملیار دیناری بۆ حکومەتی فیدراڵ دەبێت."
 
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی گوتیشی، "هەموو رێکارەکان کۆتاییان هاتووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە رۆژی یەکشەممە 10ی ئایار (واتە ئەمڕۆ)، نزیکەی 52 ملیار دینارە وەک داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ."
 
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە، حکومەتی فیدراڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چەند مەرجێکی دیاری کردووە، لەوانە ناردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پابەندیی هەرێمی کوردستان بە هەناردەی نەوت، لەگەڵ رادەستکردنی داهاتی نانەوتی.