زیاتر لە 200 پێشمەرگەی خانەنشین 15 مانگە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو مانگی رابردوو، بەهۆی گواستنەوەی مامەڵەکانیان لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، نزیکەی هەزار پێشمەرگەی خانەنشین مووچەیان وەرنەگرتبوو، بەرپرسێکی خانەنشینی پێشمەرگە دەڵێ، بەشێکیان وەریانگرتووە، بەڵام نزیکەی 200 کەسیان ناتوانن مووچەی مانگی چواریش وەربگرن.
 
فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مانگی رابردوو بەشێکی ئەو خانەنشیانەی 14 مانگ بوو هیچ مووچەیان وەرنەگرتبوو مووچەیان وەرگرت، هەروەها بۆ ئەو مووچەیەی بڕیارە بۆ مانگی چوار بێت بەشێکی زۆریان مامەڵەیان تەواو کراوە و مووچە وەردەگرن."
 
بە گوتەی فەتحوڵڵا عومەر، لە مووچەی مانگی چواریشدا نزیکەی 200 پێشمەرگەی خانەنشین هەن مامەڵەکانیان تەواو نەکراوە و ناتوانن مووچە وەربگرن، بەڵام لەگەڵ هاتنی مووچەی مانگی پێنجدا مووچە وەردەگرن.
 
دواکەوتنی مووچەی خانەنشین چەند هۆکارێکی هەیە. بەشێکیان پێشتر لە یەکەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگە بوون و گوێزراونەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و رێکاری یاسایی و کارگێڕی پێویست بووە، بەشێکیشیان ساڵی 2024 خانەنیشن بوون و مامەڵەکانیان دواکەوتووە.