سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بۆ رووداو: تەیف سامی رەزامەندیی دا بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 4
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، وەزیری دارایی عێراق رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی 4ی هەرێمی کوردستان داوە.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئایاری 2026 بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رەزامەندیی داوە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی نیسانی هەرێمی کوردستان."
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئایاری 2026 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 50 ملیار و 292 ملیۆن و 213 هەزار دیناریان وەکو داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسان بە شێوەی کاش خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
رۆژی پێنجشەممە، 7ی ئایاری 2026 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆی داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان نزیکەی 100 ملیار دینار بووە، "لەو بڕەش نزیکەی 52 ملیار دیناری بۆ حکومەتی فیدراڵ دەبێت."
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی گوتیشی، "هەموو رێکارەکان کۆتاییان هاتووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە رۆژی یەکشەممە 10ی ئایار (واتە ئەمڕۆ)، نزیکەی 52 ملیار دینارە وەک داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ."
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە، حکومەتی فیدراڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چەند مەرجێکی دیاری کردووە، لەوانە ناردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پابەندیی هەرێمی کوردستان بە هەناردەی نەوت، لەگەڵ رادەستکردنی داهاتی نانەوتی.