عێراق لە سێ مانگدا 2.7 ملیۆن تۆن بەرهەمى نەوتى هەناردە و نیو ملیۆنى تۆنى هاوردە کردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە چارەکى یەکەمى ئەم ساڵ، هەناردەى بەرهەمە نەوتییەکانى عێراق زیاتر لە 2.7 ملیۆن تۆن بووە و هەناردەى 58%ى نەفتا زیادی کردووە، لە کاتێکدا هاوردەى بەرهەمى نەوتى نیو ملیۆن تۆن بووە.
ئەو زانیارییانە لەسەر هەناردە و هاوردەى پێنج جۆر بەرهەمى نەوتى، لە راپۆرتى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) هاتووە کە بەیانیی ئەمڕۆ 10ی حوزەیران بڵاوی کردووەتەوە.
هەناردەى نەفتا 58% زیادیکردووە
بە گوێرەى راپۆرتى کۆمپانیاى سۆمۆ، لە چارەکى یەکەمى ئەم ساڵ (یەکى کانوونى دووەم تاوەکو 31ى ئادار) دوو ملیۆن و 795 هەزار و 13 تۆن بەرهەمى نەوتیى هەناردە کراوە.
لەو بڕە، 13 هەزار و 105 تۆنى بەنزینى فڕۆکە بووە، 242 هەزار و 514 تۆنى نەفتا بووە، دوو ملیۆن و 539 هەزار و 394 تۆنى نەوتى رەش بووە.
ئەوە لەکاتێکدایە لە چارەکى یەکەمى پار، بڕى بەرهەمە نەوتییە هەناردەکراوەکان، دوو ملیۆن و 840 هەزار و 238 تۆن بووە، نۆ هەزار و 797 تۆنى کبریت و 416 هەزار و 403 تۆنى نەفتا بووە، هەروەرها دوو ملیۆن و 414 هەزار و 38 تۆنى نەوتى رەش بووە.
بەوپێیە هەناردەى نەفتا 58.2% کەمی کردووە، بەڵام هەناردەى نەوتى رەش 5% زیادی کردووە.
هاوردەى بەنزین 61 کەمیکردووە
لە چارەکى یەکەمى ئەم ساڵ، عێراق 562 هەزار و 445 تۆن بەرهەمى نەوتى هاوردە کردووە، 213 هەزار و 152 تۆنى گاز بوو، 349 هەزار و 292 تۆنى دیکەى بەنزین بووە.
پار لە هەمان ماوەدا عێراق تەنیا بەنزینى هاوردە کردووە کە بڕەکەى 536 هەزار و 248 تۆن بووە. هاوردەکردنى ئەو سووتەمەنییە، 61% کەمى کردووە.