نرخی ئۆنسەیەک زیو 51 دۆلاری تێپەڕاند؛ ئێستا بە نزیکەی 50 دۆلارە

رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی زیو بەردەوامە لە گرانبوون و نزیکە لە هەشتەمین هەفتە بەرزبوونەوەی لەسەریەک.
 
ئەمڕۆ هەینی، نرخی ئۆنسەیەک 62 سەنت، یاخود 1.26٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 49.95 دۆلار.
 
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، ئۆنسەیەک زیو گەیشتبووە 51.09 دۆلار کە بەرزترین ئاستی مێژووە. 
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نرخی ئۆنسەیەک زیو 70٪ گرانبووە.
 
لەم هەفتەیەدا نرخی ئۆنسەیەک زیو زیاتر لە 2 دۆلار گرانبووە و نزیکیشە لەوەی بۆ هەشتەمین جاری لەسەریەک بە بەرزبوونەوە کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتانە بهێنێت.
 
خواست لەسەر زیو وەک پەناگەیەکی ئارام و، بەردەوامیی کورتهێنان لە خستنەڕووی، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیون.
 
پێشبینییەکانی کەمکردنەوەی زیاتری رێژەی سوود لە لایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لەم مانگەدا هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زیوە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بەرزبوونەوەی نرخی زیوی سنووردار کردووە.
 
زەین ڤاودا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای راوێژکاریی ئواندا رایگەیاند: " ئێستا حاڵەتێک هەیە کە زۆرێک لە بازرگانانی تاکەکەسی و خەڵکی تر زیویان وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان بەکارهێناوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی خواست و پاڵپشتی بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکەی".