وەزیری نەوتی عێراق بۆ رووداو: 70%ی گازی هاوەڵ سوودی لێوەردەگیرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، سوودوەرگرتن لە گازی هاوەڵ لە ساڵی 2022ـدا 53% بووە، لە ساڵی 2023 بووەتە 60%، لە ساڵی 2024 گەیشتووەتە 68% و ئێستاش گەیشتووەتە سەروو 70%.
 
حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سوودوەرگرتن لە گازی هاوەڵ گەیشتووەتە زیاتر لە  70٪، دوای ئەوەی لە ساڵی 2022 لە 53% بوو. ئەمەش بە واتای کەمکردنەوەی رێژەی سووتاندنی گازەکەیە بە رێژەی 17% لە تەمەنی ئەم حکومەتەدا."
 
بەگوێرەی وەزیری نەوت، سوودوەرگرتن لە گازی هاوەڵ بەم شێوەیە:
 
- کێڵگەی عەکاس لە ئەنبار، بە توانای 60 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
 
- کێڵگەی حەلفایە لە مەیسان، بە توانای 300 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
 
- کارگەی بەسرە بۆ شلکردنەوەی گاز قۆناخی یەکەم (BNGL1) بە توانای 200 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
 
- کارگەی بەسرە بۆ شلکردنەوەی گاز قۆناخی دووەم (BNGL2) بە توانای 200 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
 
- کێڵگەی فەیحا لە بەسرە، بە توانای 130 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
 
- کێڵگەی شەرقی بەغدا بە توانای 15 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
 
وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "بۆ یەکەمجار توانرا گەورەترین باری گازی شل کە 20 هەزار تۆن بوو، بە کەشتیی (GasChem) لە بەسرەوە هەناردەی دەرەوە بکەین."
 
حەیان عەبدولغەنی دەڵێت، "کار لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە دەکەین، لەوانەش پڕۆژەی بەرهەمهێنانی 1000 مێگاوات کارەبا بە وەبەرهێنان لە وزەی خۆر بە هاوکاریی کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی کە قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە بە توانای 250 مێگاوات دەبێت و لە کۆتایی ئەم ساڵدا تەواو دەبێت."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی نەوت، یەدەگی گازی عێراق نزیکەی 300 تریلیۆن پێ سێجایە، بەڵام ئەوەی جێگیرکراوە نزیکەی 150 تریلیۆن پێ سێجایە کە شیاوە بۆ دەرهێنان.