بەهۆی بەڵێنێکی ترەمپەوە نرخی بیتکۆین گەیشتە سەرووی 106 هەزار دۆلار


رووداو دیجیتاڵ

نرخی بیتکۆین هەزار و 600 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە زیاتر لە 106 هەزار و 300 دۆلار.
 
لە یەک هەفتەی رابردوودا، ئەمە سێیەم جارە نرخی بیتکۆین ئاستی 104 هەزار دۆلار دەشکێنێت.
 
ئەم بەرزبوونەوەیە دوای بەڵێنێکی سەرنجڕاکێشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هات کە لە تۆڕی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، زۆرێک لە ئەمریکییەکان، جگە لە کەسانی خاوەن داهاتی بەرز، بەلایەنی کەمەوە 2,000 دۆلار وەکو پشکی قازانجی پێناسە گومرگییەکان بۆ هەر کەسێک وەردەگرن.
 
وەبەرهێنەرانی دراوە دیجیتاڵییەکان گومان دەکەن بەشێک لەو پارەیە بۆ کڕینی بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکان بەکاربهێندرێت، بۆیەش زۆرێک لە دراوەکان دوای بەڵێنەکەی ترەمپ بەرزبوونەوە.
 
بەڵێنەکەی ترەمپ دوای ئەوە هات بەرگری لەو پێناسە گومرگییانە کرد کە لەکاتی سەرۆکایەتیی ئێستایدا بەسەر چەندین وڵاتدا سەپاندوونی. دادگای باڵای ئەمریکاش خەریکی لێکۆڵێنەوەیە لە یاساییبوونی ئەو پێناسانە.
 
یەکەمجار نییە ترەمپ پارە بەسەر خەڵکی ئەمریکادا دابەشبکات. پێشتریش لە ساڵی 2020 و لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتوچۆوە، وەک پاکێجێکی هاوکاریی، 1200 دۆلاری بەسەر هەر ئەمریکییەک دابەشکردبوو.