سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر: نرخی زێڕ زۆر گرانتر دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی لە مێژوودا و لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد. سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێریش پێشبینی دەکات، "نرخی زێڕ، زۆر گرانتر بێت." 
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 11-2-2025) نرخی ئۆنسەیەک زێڕ تاوەکو 2942 دۆلار بەرزبووەوە. لە بازاڕەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستانیش دا لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکان لە کاژێر 10:00، گەیشتە بەرزترین ئاستی و یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21، بە 618 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە نزیک کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆ، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان بۆ 2913 دۆلار دابەزی، بەوەش نرخەکەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ هەزار دینار دابەزی.
 
هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ میوانی بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیای رووداو بوو و گوتی، بڕیارەکانی ترەمپ بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی و، وەڵامی وڵاتان بەتایبەت چین، کاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا دروستبوونەوەی ئاڵۆزی لە ئاگربەستی غەززە، هۆکارێکی دیکەیە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
 
دەشڵێت، "پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن؛ نرخی زێڕ بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە. ئەوەی دەیەویت لەم کاتەدا بیکڕێت، دەتوانێت بیکڕێت، بەڵام چاوەڕێ بکات و نەیفرۆشێتەوە، چونکە کۆتایی ئەم ساڵ نرخی زێڕ زۆر گرانتر دەبێت؛ ئەمە بەگوێرەی پێشبینیی بانکە گەورەکانی جیهان، لەگەڵ ئەوەشدا نرخی زێڕ پەیوەست بووە بە بڕیارەکانی ترەمپەوە، رەنگە شتێکی جیاواز بڵێت و نرخەکەی دابەزێت." 
 
لە بازاڕەکانی هەولێر بەپێی سەندیکای زێڕنگران، ئەمڕۆ نرخی زێڕ بەمشێوەیەیە: 
 
ئۆنسەی زێڕ بە 2914 دۆلارە، لەکاتێکدا نرخی دۆلار بە 150 هەزار و 200 دینار هەژمار دەکرێت. 
 
نرخی مسقاڵی زێڕ بەپێی عەیار:
 
زێڕی عەیار 24 بە 702 هەزار دینارە 
زێڕی عەیار 22 بە 644 هەزار دینارە 
زێڕی عەیار 21 بە 615 هەزار دینارە  
زێڕی عەیار 18 بە 527 هەزار دینارە 
 
رۆژی 01-01-2025 لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکان، نرخی زێڕ بە 2623 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بە گوێرەی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر، لەو رۆژەدا نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 565 هەزار دینار بوو، بەمەش لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ، نرخی یەک مسقاڵ زێڕ 53 هەزار دینار گران بووە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕیش نزیکەی 320 دۆلار بەرزبووەتەوە.