هەنگاوێکی نوێی جەنگی بازرگانیی ترەمپ؛ زیادکردنی باجی گومرگی بەڕێژەی 25٪ لەسەر ئاسن و ئەلەمینیۆم

11-02-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە بڕیارێکی جێبەجێکاری، پێناسی گومرگیی بەڕێژەی 25٪ بەسەر هەموو بەرهەمی ئەلەمینیۆم و ئاسن دا سەپاند کە هاوردە دەکرێن، بەبێ هیچ جیاوازییەک.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی واژۆکردنی بڕیارەکەیدا رایگەیاند، بەرهەمی ئاسن و ئەلەمینیۆمی هیچ وڵاتێک لە پێناسە گومرگییە نوێیەکان نابەخشێت و، ئامانجی ئەوەیە؛ کۆمپانیاکان لە نێوخۆی ئەمریکا دا ئەو بەرهەمانە دروستبکەن.
 
ترەمپ، رایگەیاند بەرهەمهێنانی ئاسن و ئەلەمینیۆم لە نێوخۆ هیچ باجێکی ناخرێتەسەر، داواشی لە کۆمپانیاکان کرد لە نێوخۆی ئەمریکا بەرهەمبهێنن بۆ ئەوەی پێناسی گومرگی و باج نەیانگرێتەوە.
 
سەپاندنی پێناسە گومرگییەکە کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا
 
یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاندووە لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەی ئەمریکا، رێکاری پێچەوانە دەگرنەبەر و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا دەکەن.
 
رۆبێرت هابێک، وەزیری ئابووریی ئەڵمانیا رایگەیاند سەپاندنی پێناسی گومرگی، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات و لەبەرژەوەندیی هیچ لایەنێک دا نییە. 
 
هابێک جەختی کردەوە لەوەی؛ ئەورووپا وەک کاردانەوەیەک بەربەست لەبەردەم بەرهەمی ئەمریکا دادەنێت.
 
کەنەدا: ئەم هەنگاوە لە قازانجی هیچ وڵاتێکدا نییە 
 
کەنەدا، رایگەیاندووە سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر ئەلەمینیۆم و ئاسن، تەنیا کێشە بازرگانییەکان قووڵدەکاتەوە و زنجیرەی دابینکردن دەپچڕێنێت، لە قازانجی هیچ وڵاتێکیشدا نییە.
 
کاترین کۆبدێن، سەرۆکی رێکخراوی بەرهەمهێنەرانی ئاسنی کەنەدا گوتی "من، زۆرم پێناخۆشە لە بارودۆخێکدام کە دەبێت بانگەواز بکەم بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێچەوانەی تووند لەدژی پێناسە گومرگییەکانی گەورەترین هاوبەشی بازرگانیمان بگیرێتەبەر. ئەمە شێوازی کەنەدا نییە. ئەمە شتێک نییە پێمان خۆش بێت."
 
ئەمریکا ساڵانە نزیکەی 25 ملیۆن تۆن ئاسن و 5 ملیۆن تۆن ئەلەمینیۆم لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکات. کەندا گەورەترین هەناردەکاری ئەو دوو بەرهەمە گرنگەیە بۆ ئەمریکا.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "ئەمڕۆ، من پێناسە گومرگییەکان لەسەر ئاسن و ئەلەمینیۆم سادە دەکەمەوە بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بزانێت مەبەستمان چییە. 25٪ـە، بەبێ جیاوازی و بەبێ بەخشینی هیچ وڵاتێک. هەموو وڵاتێک لەخۆدەگرێت. جیاوازی نییە کە ئەو بەرهەمەکانە لەکوێوە هاوردە دەکرێن."
 
وڵاتانی ئەورووپی پێناسی گومرگیی پێچەوانە بەسەر ئەمریکا دەسەپێنن
 
وڵاتە ئەورووپییەکان لەنێوانیاندا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئیسپانیا رایانگەیاند، وەکو وەڵامدانەوەی پێناسە نوێیەکان، پێناسی گومرگیی پێچەوانە بەسەر بەرهەمەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەسەپێنن.
 
ملیاردێرێکی مەکسیکی: ترەمپ بۆرسەی داڕماند و هەڵاوسانی بەرەو ئاسمان سەرهەڵدەدات 
 
مەکسیک هاوبەشێکی دیکەی بازرگانیی ئەمریکایە، کە ساڵانە بەبڕی دوو ملیار دۆلار ئەلەمینیۆم هەناردەی ئەمریکا دەکات؛ نیگەرانیی خۆی لەو بارەیەوە رایگەیاندووە.
 
کارلۆس سلیم، ملیاردێری مەکسیکی گوتی "کاتێک ترەمپ دەستی بە سەپاندنی پێناسە گومرگییەکان کرد، بازاڕەکانی بۆرسەی داڕماند. دەزانن دابەزینی بەهای بازاڕەکان بەڕێژەی 2٪ چەند گەورەیە، ترەمپ لە رێگەی سەپاندنی پێناسی گومرگییەوە هیچ بەدەست ناهێنێت، ئەگەر لەسەر هەموو شتێک بەڕێژەی 25٪ پێناسی گومرگی جێبەجێ بکرێت، هەڵاوسانی بەرەو ئاسمان سەرهەڵدەدات."
 
ئەمریکا، ساڵانە نزیکەی 100 ملیۆن تۆن ئاسن بەکاردەهێنێت و لەو بڕەش، نزیکەی 30 ملیۆن تۆنی لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکات.
 
زیاتر لە 50٪ـی ئاسنی هاوردەکراو بۆ ئەمریکا لە کەنەدا، بەرازیل و مەکسیکەوە بەرهەمدێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە