جەنگی گومرگ پەیوەندییەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت

 
رووداو دیجیتاڵ
  
وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا، کە پەیوەندیی پتەویان هەبووە و چەندین هێڵی هاوبەشیان هەیە، وردە وردە ئەو پەیوەندییانە بەرەو گرژیی زیاتر دەچن. ئەمەش دوای ئەوەی ترەمپ زیادکردنی گومرگی بەسەر هاوردەی پۆڵا و ئەلەمنیۆمدا سەپاند، کە بەشێکی لە وڵاتانی یەکێتییەکەوە دەگەیشتە ئەمریکا. سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی "تووندی" واشنتن دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە 11ی شوباتی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیارێکی واژۆ کردووە کە لە 12ی ئادارەوە 25% گومرگی زیاتر دەخەنە سەر هاوردەی ئەلەمنیۆم و پۆڵا. پێشتر بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا و چین هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی "تووندیان" لە ئەگەری واژۆکردنی بڕیارێکی لەو جۆرە کردبوو.
 
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا سەبارەت بە بڕیارەکەی ترەمپ رایگەیاند، "زۆر بەداخەوەم بۆ بڕیارەکەی ئەمریکا کە گومرگی زیاتری خستووەتە سەر هەناردەی ئەلەمنیۆم و پۆڵا." گوتیشی، "زیادکردنی گومرگ بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لەسەر یەکێتیی ئەورووپا، بەبێ وەڵام نابێت. رێکاری تووند و گونجاویان بەرامبەر دەگرینەبەر. کار دەکەین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانمان و کرێکار، بازرگانی و بەکارهێنەرانمان دەپارێزین."
 
مارۆس سیفکۆڤیچ، بەرپرسی کاروباری بازرگانیی یەکێتیی ئەورووپا لە پەرلەمانی یەکێتییەکە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا رایگەیاند، ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا زەرەرمەندی بڕیارەکە دەبن، "بە سەپاندنی ئەو گومرگە، ئەمریکا باجی زیاتر دەخاتە سەر خەڵکەکەی، خەرجیی زیاتر دەخاتە سەر کۆمپانیاکانی و هەڵاوسانیش لەو وڵاتە زیاتر دەکات."
 
وردەکاریی بڕیارەکەی ترەمپ
 
لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکادا هاتووە، "لە 12ی ئاداری 2025ـەوە، هەموو هاوردەیەکی ئەلەمنیۆم و بەرهەمێکی دروستکراو لە ئەلەمنیۆم لە وڵاتانی ئەرجەنتین، ئوسترالیا، کەنەدا، مەکسیک و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپاوە" 25% پێناسی گومرگییان لەسەر دادەنرێت.
 
هەر لە بڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە، هەمان کار بەرامبەر پۆڵایش دەکرێت، کە لەو وڵات و ناوچانەوە هاوردە دەکرێت، بڕیارەکە ژاپۆن، کۆریای باشوور و بەرازیلیش دەگرێتەوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی واژۆکردنی بڕیارەکەدا گوتی، ئەگەری هەیە پێناسی گومرگیی زیاتر بەسەر هاوردەی ئۆتۆمبێل، پێداویستیی پزیشکی و چیپی کۆمپیوتەردا بسەپێنن.
 
دوای بڕیارەکەی ترەمپ، ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە یەکێتیی ئەورووپا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دژایەتییان بۆ بڕیارەکە پیشاندا. ژوورەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دەرفەتی کار، گەشەسەندن و ئاسایشی هەردوولا دەبێت.
 
ئەڵمانیا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئەمریکا دەکات
 
ئەڵمانیا وەکو گەورەترین هێزی ئابووریی ئەورووپا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئەمریکا دەکات. ئەمڕۆ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی ئامادە بوو، بەشێکی قسەکانی تایبەت بوون بە بڕیارەکەی ترەمپ. ئەو گوتی، یەکێتیی ئەورووپا بە یەکگرتوویی وەڵامی ئەمریکا دەدەنەوە.
 
راوێژکاری ئەڵمانیا باسی لەوە کرد، "ئەگەر ئەمریکا هیچ بژارەیەکمان بۆ جێنەهێڵێت، ئەوا یەکێتیی ئەورووپا بە یەکگرتوویی کار لە دژی بڕیارەکە دەکەن." دەشڵێت، هیوادارن کار نەگاتە سەپاندنی گومرگی و وەڵامدانەوە.
 
رۆژی شەممە 18ی کانوونی دووەمی 2025 رۆبێرت هابێک، وەزیری ئابووریی ئەڵمانیا لە کەمپەینی پارتی سەوزەکان لە شاری میونشن رایگەیاند، ئەڵمانیا لەنێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئەمریکا هەیە. گوتیشی، "ئەمە چقڵێکە بۆ چاوی بەرەی ترەمپ."
 
ئەو بەرپرسە ئەڵمانیە دەشڵێت، هەرچەندە ترەمپ دەتوانێت رێکاری ئابووری، لەنێویاندا زیادکردنی گومرگ بەرامبەر وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا زۆر خراپ بەکاربهێنێت، بەڵام "دەتوانیت دڵنیابیت کە زیادکردنی گومرگییەکە بە جۆرێک دەبێت کە لە ئابووریی ئەڵمانیا دەدات."
 
بەگوێرەی نووسینگەی ئاماری ئەڵمانیا، ساڵی 2023 بایی 157.9 ملیار یۆرۆ هەناردەیان بۆ ئەمریکا هەبووە، لە بەرامبەردا بایی 94.7 ملیار دۆلار کاڵایان لەو وڵاتەوە هاوردە کردووە؛ ئەمەش ترەمپی تووڕە کردووە.
 
ترەمپ چەند جارێک تووڕەیی خۆی پیشانداوە لەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا وەکو پێویست بەرهەمە ئەلیکترۆنییەکان، بەتایبەت ئۆتۆمبێل، لە وڵاتەکەی ناکڕن. هەروەها، 23ی تشرینی دووەمی رابردووش رایگەیاند، نیگەرانە لە بینینی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلە ئەڵمانییەکان لە شەقامەکانی مانهاتندا، (مانهاتن یەکێکە لە قەرەباڵخترین ناوچەکانی شاری نیویۆرک.)
 
هابێک ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر بێتو ئەمریکا گومرگی زیاتر بخاتە سەر بەرهەمەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەوا بەرلین و برۆکسلیش هەمان هەنگاو دەگرنەبەر.
 
پەنابردنی ترەمپ بۆ سەپاندنی گومرگی زیاتر بەسەر وڵاتاندا
 
بەگوێرەی نووسینگەی ئاماری ئەمریکا، 11 مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو، بە بڕی دوو تریلیۆن و 982 ملیار دۆلار کاڵایان هاوردە کردووە، کورتهێنانی بازرگانیی دەرەوەیشیان تریلیۆنێک و 100 ملیار دۆلار بووە. زۆرترین ئەو کورتهێنانەش لەگەڵ چین، مەکسیک، ئەڵمانیا و کەنەدا بووە.
 
ترەمپ دەیەوێت لە رێگەی سەپاندنی گومرگییەوە ئەو ناهاوسەنگییە کەم بکاتەوە. نووسینگەی ئاماری ئەمریکا دەڵێت، 11 مانگی سەرەتای ساڵی 2024دا، کورتهێنانی بازرگانییان لەگەڵ چین 270 ملیار دۆلار، مەکسیک 150 ملیار دۆلار، ئەڵمانیا 63.2 ملیار دۆلار و کەنەداش 55 ملیار دۆلار بووە.
 
ساڵی رابردوو، 15 لەو وڵاتانەی ئەمریکا زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵدا کردوون، سەرڕێژی بازرگانیی تەنیا لەگەڵ دوویاندا هەبووە، ئەوانیش بەرازیل و هۆڵەندا بوون.