نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە 5050 دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە 11-02-2026 نرخی زێڕ بە بەرزبوونەوە کرایەوە.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 0.5% بەرزبووەوە و گەیشتە 5050 دۆلار.
 
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ دابەزینی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە.
 
ئامارەکانی کەرتی وردەفرۆشیی ئەمریکا، کە دوێنێ سێشەممە بڵاوبوونەوە، ئاشکرایان کرد، ئەو کەرتە گرنگەی ئابووریی ئەمریکا سستبوونەوەی پێوە دیارە. ئەوەش بووە هۆکار بۆ دابەزینی سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە زیاتر لە 5070 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کاپیتاڵ دۆت کۆم) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لە چەند هەفتەی رابردوودا نرخی زێڕ و کانزاکانی دیکە پەیوەندییان لەگەڵ سوودی سەر قەواڵەکانی دارایی گەنجینەی ئەمریکا نەمابوو، بەڵام خەریکە ئەو پەیوەندییە دەگەڕێتەوە."
 
رۆدا ئاماژەی بەوەش کرد، دیارە دابەزینی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات.