ئۆنسەیەک زیو بە نزیکەی 83 دۆلارە و چاوەڕوانی ئامارێکی هەستیار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زیو 1.9 دۆلار، یاخود 2.40% بەرزبووەوە و گەیشتە 82.60 دۆلار.
 
بەم پێیە ئێستا کیلۆیەک زیو لە بازاڕەکانی جیهان بە 2,821 دۆلارە.
 
نرخی ئۆنسەیەک زیو بۆ گرێبەستەکانی ئاییندەش بۆ رادەستکردنی لە مانگی ئادار، گەیشتە 82.47 دۆلار.
 
ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ ئۆنسەیەک زیو ئاستی کەمتر لە 80 دۆلاریشی تۆمار کردبوو.
 
هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەی بۆ داتاکانی کەرتی وردەفرۆشیی ئەمریکا دەگەڕێتەوە، کە پێشانی دەدەن لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025ـدا کۆفرۆشی تەنیا 0.4% گەشەی کردووە، لە کاتێکدا مانگی پێشتر 0.6% بوو. ئەوەش ئاماژەیە بۆ دروستبوونی گوشار لەسەر خەرجییەکانی بەکاربەر لەو وڵاتەدا.
 
ئێستا چاوی بازاڕەکان لەسەر بڵاوکردنەوەی داتای هەلیکارە لە کەرتی تایبەتی ئەمریکا بۆ مانگی رابردوو کە بڕیارە کاژێر 16:30ـی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر بڵاوبکرێتەوە. 
 
شارەزایان پێیانوایە ئەگەر داتاکە لە ئاستی چاوەڕوانییەکان کەمتر بێت، دەکرێت نرخی کانزا گرانبەهاکان زیاتریش بەرز ببێتەوە. 
 
سەرەڕای ئەم بەرزبوونەوەیە، هێشتا جۆرێک لە وریایی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دەبیندرێت لە مامەڵەکان، بەتایبەت دوای ئەو ناجێگیرییەی لە دوو هەفتەی رابردوودا بازاڕی کانزاکانی گرتەوە و نرخەکان بە ئاستێکی مێژوویی دابەزین.