وەزیری دارایی عێراق تۆمارە دەنگییەکەی بۆ کێ ناردووە و چی دەڵێت؟
رووداو دیجیتاڵ
لە تۆمارێکی دەنگیدا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق باسی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیێنێت، "لیستەکان بەمشێوەیەی ویستوومانە بەدەستمان گەیشتوون و... بەدواداچوونیان بۆ دەکەین."
لە دەنگەکەدا کە بۆ نەرمین مەعرووف، پەرلەمانتاری یەکێتی لە عێراق ناردووە، تەیف سامی دەڵێت، سوپاس بۆ خوا و دەستیان خۆش بێت کە لیستی مووچەیان بەو شێوەیەی ویستوومانە، ناردوویانە. "بەدواداچوونیان بۆ دەکەین، بۆ ئەوەی یەک بەیەک ئامادەیان بکەین."
لە کۆتاییەکانی مانگی شوبات، وەزیری دارایی عێراق داوای لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لە وەزارەتی دارایی کرد تاوەکو مووچەی مانگی شوبات بەپێی ئەو لیستە بدرێت، بەڵام بۆ مانگی ئادار، دەبێت لە رێگەی بانکەکانەوە بێت.
تەیف سامی لە تۆمارە دەنگییەکەیدا دەڵێت، "هەموویان چاودێریم دەکەن، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی، سەرۆکوەزیران لە بەسڕەوە چاودێریمان دەکەن."
بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ داواکردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق هات کە پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن.
تەیف سامی لە بەشێکی دیکەی تۆمارەکەدا دەڵێت، "بەڵام لیستی پێشمەرگەیان نەناردووە. بەهەرحاڵ، ئێمە ناوەستین و بەدواداچوون بۆ لیستی فەرمانبەرە سڤیلەکان دەکەین. هەروەها لەپاڵ بەدواداچوونەکانمان، لیستەکان جیادەکەمەوە، لیستی خانەنشینەکان و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی و فەرمانبەرانیش بەجیا بەدواداچوونیان بۆ دەکەین."