شەڕی ناوچەکە و هەژانی بازاڕی وزە؛ لە سلێمانییەوە تاوەکو واشنتن و پەکین
رووداو دیجیتاڵ
سێکتەری وزە زۆرترین کاریگەریی شەڕی ئێرانی کەوتووەتە سەر و نرخی نەوت، بەنزین و گاز لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان بەرزبووەتەوە.
تۆڕی پەیامنێرانی رووداو لە نێوخۆ، ناوچەکە و جیهان لە بووڵتەنی ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، نوێترین زانیارییەکانیان لەبارەی نرخی وزە لە ناوچە جیاجیاکانەوە ئاشکراکرد.
نرخی بەنزین و گازی ماڵان لە سلێمانی گرانبووە
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، "لەسەرەتای دەستپێکردن و هەڵگیرساندنی شەڕی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، نرخی سووتەمەنی لە شاری سلێمانی تاڕادەیەک بەرزبووەوە. نرخی هەر لیترێک لە جۆرەکانی بەنزین 25 دیناری چووەتە سەر".
ئەم بڕی بەرزبوونەوەیە کەمترە بەراورد بە هەولێر و دهۆک. لەو دوو پارێزگایەی دیکە، نرخی لیترێک بەنزین 50 دینار بەرزبووەتەوە، لە بەشێکی بەنزینخانە بازرگانییەکانیش 100 دینار بەرزبووەتەوە.
پێشەوا بەختیار گوتیشی: "بەڵام نرخی گاز زۆرترین بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و زیاتر لە 100% بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک لە 450 دینارەوە بۆ 950 دینار. بریکارەکانی دابەشکردنی گازی ماڵان کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بڕی فرۆشتنیان زیادکردووە".
ئەو پەیامنێرەی رووداو باسی لەوەشکرد: "نرخی نەوت لە سەرەتای شەڕەوە 25 دینار دابەزی، بەڵام ئێستا لەنێوان 725 بۆ 750 دینار جێگیر بووە".
گرفتی گازی ماڵان بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر دروست بووە.
پێشەوا بەختیار دەڵێت، هێشتا نرخی بوتڵێک گازی ماڵان 8500 دینارە بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت، بەڵام ئێستا نرخەکەی لە بازاڕدا لەنێوان 15 هەزار بۆ 25 هەزار دینارە.
هەرچەندە قایمقامیەتی سلێمانی دڵنیایی دەدات کە گازی پاڵپشتیکراو بەردەستە، بەڵام خەڵک هێشتا نۆرەی بۆ دەگرن لە بازاڕەکان.
بەغدا.. قەیرانێکی کاتیی گازی ماڵان و جێگیریی بەنزین
بەپێچەوانەی وڵاتانی ناوچەکە، نرخی بەنزین لە بەغدا بەرزنەبووەتەوە.
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نرخەکان جێگیرن؛ لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 450 دینارە، موحەسەن بە 650 دینار و سوپەر بە 850 دینارە.
عێراق رۆژانە پێویستی بە 28 بۆ 34 ملیۆن لیتر بەنزینە.
پەیامنێرەکەی رووداو لە بەغدا دەڵێت، لە بەغدا بوتڵێک غاز بە 7 هەزار دینارە و لیترێک نەوتی سپی بە 150 دینارە.
ئەو پەیامنێرە ئاماژەی بەوەشکرد، لە رۆژانی سەرەتای شەڕ بۆ ماوەیەک قەیرانێکی کاتیی گازی ماڵان دروست بوو، بەڵام هۆکارەکە کەمیی بەرهەم نەبوو، بەڵکو لەبەر ترسی خەڵک بوو لەوەی بەهۆی شەڕەوە گاز نەمێنێت.
زیاد ئیسماعیل دەڵێت، ئەمە وایکرد خەڵک زیاتر لە پێویستیی خۆیان گازی ماڵان بکڕن، بەوهۆیەوە نرخەکەی لە بازاڕی رەشدا بۆ 15 هەزار دینار بەرزبووەوە. بەڵام ئێستا ئەو مەترسییە نەماوە و گاز و سووتەمەنییەکانی دیکە بە نرخی پێشووی خۆیان بەردەستن.
لە بەغدا، هەر هاووڵاتییەک دەتوانێت لە یەک بەنزینخانە 50 لیتر بەنزین بە نرخی 450 دینار وەربگرێ، بەڵام دەتوانێت لە بەنزینخانەی دیکەش هەمان بڕ وەربگرێت. زیاد ئیسماعیل دەڵێت، هەموو بەنزینخانەکانی بەغدا حکومین و نرخەکانیان پاڵپشتیکراوە.
تورکیا لە رێگەی یاساوە رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دەکات
شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرە گوتی، لە سەرەتای شەڕی ئێران، مەترسییەکی راستەوخۆ و زۆر هەبوو بۆ ئەوەی نرخی بەنزین و گازوایل و گاز بەخێرایی بەرز بێتەوە، بەڵام حکومەت لە رێگەی کەمکردنەوەی باجەوە بەشێک لە بەرزبوونەوەکەی کەمکردەوە.
بە گوتەی پەیامنێرەکەی رووداو، رۆژێک پێش دەستپێکردنی شەڕی ئێران، لیترێک دیزڵ بە 56.85 لیرە بوو؛ ئێستا بە 66.35 لیرەیە.
نرخی بەنزینیش پێش شەڕ 57.45 لیرە بوو؛ ئێستا 62.04 لیرەیە.
شەوکەت هەرکی گوتیشی، بەپێی بەنزینخانەکان، لە ئەنقەرە 5 بۆ 6 لیرە جیاوازیی هەیە لەنێوان نرخی لیترێک بەنزین.
لە تورکیا بەپێی یاسای 'ئەشەل مۆبیل'، حکومەت دەتوانێ تاوەکو 75٪ دەستکاری باجی سەر سووتەمەنی بکات و لە دۆخی پێویستدا باجەکە کەمبکاتەوە بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ.
بە گوتەی پەیامنێرەکەی رووداو، ئێستا حکومەتی تورکیا 40%ـی ئەو جیاوازییەی کە لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکو ئێستا دروست بووە، لە رێگەی باجەوە قەرەبووی کردووەتەوە، واتە باجی سەر سووتەمەنی بە رێژەی 40٪ کەمکردووەتەوە.
هەرکی دەڵێت، بۆ تورکیا پرسی وزە زۆر گرنگە، چونکە 93%ـی کۆی بەرهەمە نەوتییەکانی لە دەرەوە هاوردە دەکات، هەرچەندە ئێستا تورکیا هەوڵدەدات جێگرەوەی نێوخۆیی بۆ بەرهەمەکان زیاد بکات.
ئەو پەیامنێرەی رووداو باسی لەوەشکرد، لە تورکیا بەگشتی رۆژانە نزیکەی 135 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێ؛ تەنیا لە چیای گابار نزیکەی 81 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنرێت. بەڵام ئەو رێژەیە کەمە و بەشی پێداویستیی تورکیا ناکات.
شەوکەت هەرکی دەڵێت، پڕۆژەیەک هەیە کە چەند رۆژێکە لە تورکیا کاری لەسەر دەکرێ و رەنگە بۆ تورکیا و تا رادەیەک بۆ بازاڕی جیهانیش ئارامییەک دروست بکات.
پلانەکە ئەوەیە گفتوگۆ لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا هەیە کە بەتایبەتی نەوتی کەرکووک لە رێگەی هێڵەکانەوە بۆ بەندەری جەیهان بگوازرێتەوە و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان دابەش بکرێت.
چین پلانی دەستبردن بۆ یەدەگی ستراتیژیی نەوتی هەیە
یەکێکی دیکە لەو وڵاتانەی زیانی بەرکەوتووە بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە، چینە.
چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لە جیهاندا و رۆژانە زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوت هاوردە دەکات.
مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە چین رایگەیاند: "چین کە یەدەگێکی ستراتیژیی نەوتی بە بڕی 1.2 ملیار بەرمیل هەیە و پلانی هەیە بەکاریبهێنێت".
بە گوتەی پەیامنێرەکەی رووداو، لەکاتێکدا بەرهەمی نێوخۆ تەنیا 5 ملیۆن بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا، پێویستە هاوردەکردنی لە وڵاتانی وەک کازاخستان، رووسیا و بەرازیل زیاتر بکات.
ئەو پەیامنێرەی رووداو گوتیشی، هەروەها چین پڕۆژەی وزەی پاکیشی هەیە و 40%ی سەرچاوەکانی وزەی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن.
گوتیشی، ئەگەر ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز بەردەوام بن، چین بیر لە بەکارهێنانەوەی خەڵووز دەکاتەوە.
مەهدی فەرەج دەڵێت، لە چین هەر 15 رۆژ جارێک نرخەکان دەگۆڕدرێن و ئێستا بەپێی جۆری ئۆکتان، نرخەکان لەنێوان 0.2 بۆ 0.5 سەنت بەرزبوونەتەوە، کە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە زۆر کەمترە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە چین یەدەگێکی باشی هەیە و سەرچاوەکانی وزەی فرەچەشن دەکات.
85%ی گازی سرووشتیی قەتەر بۆ چین، هیندستان، کۆریای باشوور و ژاپۆن دەڕوات. مەهد فەرەج دەڵێت، بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی گازی سرووشتی، چین پلانی هەیە سەرچاوەکانی وزە زیاتر بکات و رێگەچارەی دیکە بدۆزێتەوە، تەنانەت ئەگەر بە نرخێکی گرانتریش بێت.
لە ئەمریکا نرخی بەنزین نیو دۆلار بەرزبووەتەوە
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە ئەمریکا لە واشنتنەوە رایگەیاند، نرخی بەنزینی نۆرماڵ [ئاسایی] ئێستا بە 3.35 دۆلارە بۆ هەر گالۆنێک، لە کاتێکدا پێشتر بە نزیکەی 2.80 تاوەکو 2.90 دۆلار بوو.
نرخی بەنزین لە ئەمریکا بە گالۆن هەژمار دەکرێت. هەر گالۆنێک 3.78 لیترە.
بە گوتەی دیار کوردە، نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی دیکە جیاوازە، کە بەشێکی زۆری پەیوەندیی بە باجی ویلایەتەکانەوە هەیە. بەپێی ئامارەکان، بە گشتی نرخی هەر گالۆنێک بەنزین لەنێوان 0.45 بۆ 0.50 دۆلار (45 بۆ 50 سەنت)ـی چووەتە سەر لەدوای دەستپێکی شەڕی ئێرانەوە.
کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا و وەزیری وزە چاویان لەسەر پرسی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی رێگە نەدەن نرخی سووتەمەنی لەوە زیاتر بەرزبێتەوە.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ژمارەیەک بژاردەی لەبەردەستە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان، بەڵام وردەکاریی بژاردەکانی نەخستەڕوو.
دیار کوردە دەڵێت، یەکێک لە رێکارەکانی دیکە کە ئەمریکا کاری لەسەر دەکات، دابینکردنی ئاسایشی گواستنەوەی ئەو کەشتیانەیە کە نەوت لە گەرووی هورمز دەگوازنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر و لە کاتی شەڕی ئۆکراینادا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، بەشێک لە یەدەگی نەوتی ئەمریکای دەرهێنا کە 180 ملیۆن بەرمیل بوو، ئەوەش کە وایکرد نەوتێکی زیاتر بکەوێتە بازاڕەوە و نرخەکەی دابەزێت.
کوردە گوتیشی، بەرپرسان پێیانوایە، ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخ شتێکی کاتییە و کاتێک ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی دێت، کە بە چوار تاوەکو شەش هەفتە مەزەندە کراوە، نرخەکان دادەبەزنەوە بۆ ئاستی بەر لە دەستپێکردنی.
لە ئەورووپا پێشبینی دەکرێت نرخی لیترێک بەنزین بگاتە سێ دۆلار
یەکێک لەو ناوچانەی کە زۆرترین کاریگەریی شەڕی ئێرانی کەوتووەتە سەر، یەکێتیی ئەورووپایە.
بەهۆی شەڕەوە نرخی گاز و سووتەمەنی زیاتر لە 50٪ بەرزبوونەتەوە. پێش شەڕ، گازی پێویست بۆ یەک مێگاوات لە کاژێرێکدا بە 32 یۆرۆ بوو، ئێستا بە 49 یۆرۆیە.
لە رۆژانی رابردوودا، نرخەکە نزیکەی 65 یۆرۆشی تۆمارکرد، کە بەرزترین ئاستی سێ ساڵی رابردوو بوو.
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا لە شاری دوسڵدۆرفەوە گوتی، بەهۆی شەڕەوە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لیژنەیەکی تایبەیان بۆ چاودێریکردنی نرخی وزە دروستکردووە.
زنار شینۆ دەڵێت، ئەرکی ئەو لیژنانە ئەوەیە کە چاودێریی کۆمپانیاکانی دابەشکردن و هاوردەکردنی وزە و پاڵاوتەکردنی نەوت بکەن لە وڵاتەکانیاندا.
ئەو پەیامنێرەی رووداو دەڵێت، لیژنەکان لەگەڵ حکومەتەکانیان کەوتوونەتە گفتوگۆ بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی جێگرەوەی هاوردەکردنی وزە، بەتایبەتیش گازی سرووشتی و نەوتی رەش، بۆ ئەوەی لە کاتی دروستبوونی هەر ئاڵۆزییەکدا، کاریگەری لەسەر پێداویستییەکانیان دروست نەبێت، بەتایبەتیش ئەو وزەیەی لە وڵاتانی کەنداوەوە دەیهێنن.
پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا گوتیشی، لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، بەتایبەتی دیزڵ و بەنزین، بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک کۆمپانیا و خاوەن بەنزینخانە، ئەو نەوتەی بە هەرزان کڕیویانە، ئێستا بە گران لە بازاڕی خۆماڵیدا بیفرۆشنەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی گاز لە وڵاتانی ئەورووپی کێشەیەکی ئابووریی گەورەیە، بەتایبەتیش کە گاز بەشێکی سەرەکیی کەرتی پیشەسازی پێکدەهێنێت. زۆرێک لەو وڵاتانە بۆ دابینکردنی کارەبا و گەرمکردنەوەی ماڵان و ئاوی گەرم، پشت بە گازی سرووشتی دەبەستن، هەرچەندە هەندێکیان پشت بە وزەی ئەتۆم یان خەڵووز دەبەستن.
زۆرێک لە کۆمپانیا گەورەکانی پیشەسازیش، وەک ئۆتۆمبێل، پێویستیی زۆریان بە گاز هەیە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانیان بەردەوام بێت.
زنار شینۆ ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا ئەم پرسە لە رۆژەڤی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەورووپایە و لە هەموو گفتوگۆ و پەیوەندییەکانیاندا هەوڵ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک دەدەن، بۆ ئەوەی بازاڕی خۆماڵییان تووشی گرانییەکی زۆر گەورە نەبێت.
ئێستا نرخی لیترێک بەنزین و دیزڵ لە وڵاتانی ئەورووپا بە زیاتر لە دوو یۆرۆیە.
بە گوتەی ئەو پەیامنێرەی رووداو، سەرکردەکانی ئەورووپا پێیانوایە، ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، دوور نییە نرخی یەک لیتر بەنزین بگاتە نزیکەی 3 یۆرۆ، کە ئەمەش کاریگەرییەکی یەکجار گەورەی لەسەر هاووڵاتییانی ئەورووپا دەبێت.
فرۆشی نەوتی رووسیا لەدوای شەڕی ئێرانەوە 15 ملیۆن بەرمیل زیادبووە
لەدوای شەڕی ئێرانەوە، سەرنجێکی زۆر چووەتە سەر رووسیا بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بازاڕی نەوت دروستبووە بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە.
کامیز شەدادی، پەیامنێری رووداو لە مۆسکۆ رایگەیاند، پێش دەستپێکردنی گرژییەکان، نەوتی مارکەی ئۆراڵی رووسی بە 5 دۆلار کەمتر لە نرخی بازاڕ دەفرۆشرا.
ئەو پەیامنێرە دەڵێت، لە مانگی شوباتدا، 133 ملیۆن بەرمیل نەوتی رووسیا لەنێو کەشتییەکاندا مابووەوە، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە بۆ 118 ملیۆن بەرمیل کەمبووەتەوە.
شەدادی دەڵێت، لە رۆژانی رابردوودا نرخی یەک بەرمیل نەوتی رووستا نزیکبووەتەوە لە 100 دۆلار. ئێستاش بە نزیکەی 90 دۆلارە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندووە، دەکرێت سزاکانی سەر نەوتی رووسیا هەڵبگرن. رێگەشی بە هیندستان داوە نەوت لەو وڵاتەوە هاوردە بکات.
پەیامنێرەکەی رووداو دەڵێت، ئەم دۆخە یارمەتیی رووسیای داوە کورتهێنانی بودجەکەی پڕبکاتەوە؛ کورتهێنانی بودجەی رووسیا گەیشتبووە 1.7 تریلیۆن روبڵ و بە گوتەی هەندێک شارەزا، نزیکەی 2 تریلیۆن روبڵ بوو. بەڵام ئێستا رووسیا نەک هەر کورتهێنانەکەی پڕدەکاتەوە، بەڵکو قازانجیش دەکات.