وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداو: رۆژانە تاوەکو 600 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی کوردستانەوە رەوانە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق دەستپێکردنی رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووکی لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیاند؛ گوتەبێژی وەزارەتەکەش بە رووداوی گوت، بەپێی رێککەوتنێکی نوێ، رۆژانە تاوەکو 600 هەزار بەرمیل نەوت رەوانە دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 11-03-2026، د. ساحب بەزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە (تۆڕی میدیایی) رووداوی راگەیاند: "هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکی دەستپێدەکاتەوە؛ ئەمە تەنیا داواکاری نەبووە، بەڵکو رێککەوتنە."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، بڕیاردراوە لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت؛ بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا لیژنەکە بۆ بەدواداچوونی کاروباری تەکنیکی و لۆجستیی بۆرییەکان، سەردانی مەیدانی بکەن.
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە ئاسانکاری بکات بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە بۆ تورکیا، بەو مەرجەی بەغدا کۆتایی بە گەمارۆی دۆلار لەسەر هەرێمی کوردستان بهێنێت و گەرەنتیی ئەمنی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز دابین بکات بۆ ئەوەی دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە."
بەگوتەی د. ساحب بەزوون، پێشتر رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی کۆگاکانی هەرێمی کوردستان دەکرا، بەڵام بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە، ئەو هێڵە بە ئەوپەڕی توانای خۆی کارا دەکرێتەوە کە دەگاتە 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و ئەگەری زیادکردنیشی هەیە.
لەبارەی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی نەوت گوتی: "ئەگەر هەرێمی کوردستان پێویستی بە بەرهەمە نەوتییەکان یان گازی LPG بێت، بۆیان رەوانە دەکەین و دواتر بەپێی رێککەوتن شایستە دارایییەکان هەژمار دەکرێن."
ساحب بەزوون ئاشکرای کرد، پلانیان هەیە نەوت بۆ سووریاش هەناردە بکەن و کار دەکەن بۆ کاراکردنەوەی هێڵی بۆریی عێراق-سعودیە کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە پەکیکەوتووە. راشیگەیاند، ئێستا 20 هەزار تانکەر رۆژانە نەوت بۆ تورکیا، سووریا، ئوردن و سعودیە دەگوازنەوە.
ئەم هەنگاوەی بەغدا لەکاتێکدایە کە بەهۆی جەنگی ساڵی 2026 و داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، هەناردەی نەوتی باشووری عێراق پەکیکەوتووە و ئاستی بەرهەمهێنان لە 4.3 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 1.3 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە؛ بەغدا دەیەوێت لە رێگەی بۆریی کوردستانەوە بەشێک لە زیانە داراییەکانی قەرەبوو بکاتەوە.
سەرەڕای راگەیاندنی رێککەوتنەکە لەلایەن بەغداوە، بەرپرسێکی باڵا لە هەولێر بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، بەکارهێنانی بۆرییەکە مەرجدار دەبێت. ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتوویەتی: "هیچ دڵۆپە نەوتێک بە بۆرییەکەدا تێپەڕ نابێت تاوەکو بەغدا بە خێرایی بڕی پێویستی دۆلار بۆ دابینکردنی هاوردەکان نەداتە هەرێمی کوردستان و گەرەنتیی ئەمنی بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دابین نەکات."