یەک ئۆنسە زێڕ بە نزیک 5200 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بە رێژەی 0.3% بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی بە 5204 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
کەمبوونەوەی نیگەرانییەکان لەسەر بەرزبوونەوەی بەرچاوی هەڵاوسان، دوای دابەزینی نرخی نەوت، بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
 
نرخی زێر لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە رێژەی 0.5% بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 5212 دۆلار.
 
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، شەڕی ئێران زوو کۆتایی پێدێت و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەش رایگەیاند، یەدەگی نەوتی ستراتیژی دەکەنەوە، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت دابەزی بۆ کەمتر لە 90 دۆلار.
 
نیکۆس کاڤالیس، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (مێتاڵ فۆکەس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نیگەرانییەکان لەسەر بەرزبوونەوەی بەرچاوی هەڵاوسان کەمبوونەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی جارێکی دیکە وەبەرهێنەران روو لە کڕینی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارامی وەبەرهێنان بکەن."
 
بازرگانانی زێڕ ئەمڕۆ چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر دەکەن، کە پاشنیوەڕۆ بڵاودەبێتەوە و و دەتوانێت کاریگەری دروستبکات لەسەر روانگەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.