ئابووری و نرخ لەنێو جەنگدا؛ خۆراک لە ئێران گرانبووە و هەڵاوسان بەرزتر بووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵۆزییە سەربازییەکان، بازاڕەکانی ئێران رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی بەرزبوونەوەی نرخەکان و گۆڕانکاری لە سیستمی دابەشکردنی کاڵاکاندا بوونەوە، لەکاتێکدا ئامارەکان باس لە هەڵئاوسانی سێ ژمارەیی دەکەن، حکومەت جەختی لە هەبوونی خۆراک کردەوە.
 
بەپێی راپۆرتە ئابوورییەکانی نێوخۆی ئێران، جیاوازییەکی بەرچاو لەنێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕدا دروست بووە، ناوەندی ئاماری ئێران رایگەیاند تێکڕای هەڵئاوسانی خۆراک و خواردنەوەکان گەیشتووەتە 105%، پێش جەنگ هەڵاوسان 90% بوو، لەماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا 15% بەرزبووەتەوە.
 
بەپێی زانیاری میدیای ئێران؛ نرخی یەک کیلۆ پەتاتە لە بازاڕدا گەیشتووەتە 200 هەزار تمەن، لەکاتێکدا نرخی فەرمیی تەنیا 27 هەزار تمەنە، هەروەها نرخی یەک کیلۆ تەماتە گەیشتووەتە 100 هەزار تمەن و فەردەیەکی 10 کیلۆیی برنجی ئێرانی بە 6 ملیۆن تمەن دەفرۆشرێت.
 
لەلایەکی دیکەوە، دۆخی نائاسایی کاریگەریی کردووەتە سەر خزمەتگوزارییە بانکییەکان،بانکەکان ئاستی راکێشانی پارەی کاشیان بۆ 3 تا 5 ملیۆن تمەن کەمکردووەتەوە، ئەمەش بازاڕی رەشی بۆ گۆڕینەوەی پارە دروست کردووە، هاوکات لەگەڵ سنووردارکردنی ئینتەرنێت، تێچووی دابینکردنی 5 گێگابایت داتا لە بازاڕی رەشدا گەیشتووەتە نزیکەی 2 ملیۆن تمەن.
 
بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، رایانگەیاندووە "هیچ کورتهێنانێک لە کاڵا ستراتیجییەکاندا نییە" و کۆگاکان بۆ چەند مانگی داهاتوو پێداویستیی پێویستیان تێدایە، فەرمانگەی گومرگی ئێرانیش بڵاوی کردەوە تەنیا لە دوو هەفتەی رابردوودا بە بڕی 2.2 ملیار دۆلار کاڵا هاوردەی وڵات کراوە.
 
حکومەتی ئێران، بۆ پاڵپشتیی خێزانەکان، پڕۆژەی "کالابەرگی ئەلیکترۆنی"ـی فراوانتر کردووە، تێیدا 11 کاڵای سەرەکی وەک گۆشت، مریشک، رۆن، برنج و شیرەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکرێن. ئێستا دۆخی ئابووریی ئێران لەنێوان ئاڵنگارییەکانی بەرزبوونەوەی نرخ و هەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕدا ماوەتەوە و چاودێرانیش پێشبینی دەکەن ئاراستەی بازاڕ بەند بێت بە گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان لە رۆژانی داهاتوودا.