بەریتانیا: سێ کەشتیی بارهەڵگر لە نزیک گەرووی هورمز و ئیمارات کرانە ئامانج

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە سێ کەشتیی بارهەڵگر لە کەناراوەکانی ئێران و ئیمارات بە مووشەک کرانە ئامانج، کە ئەوەش بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە کەشتییەکان و ستافەکەی ناچار بوون جێی بهێڵن.
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، یەکێک لە کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز و لە دووری 17 کیلۆمەتر لە باکووری عومان کراوەتە ئامانج. هێرشەکە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لەنێو کەشتییەکەدا و تەواوی ستافەکەی ناچار بوون کەشتییەکە چۆڵ بکەن.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، دوو کەشتیی دیکەش کراونەتە ئامانج. یەکێکیان لە دووری 80 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای دووبەی و ئەوی دیکەشیان لە کەناراوەکانی ئیمارات زیانی بەرکەوتووە. 
 
بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات کە لە دەستپێکی جەنگەکەوە (28ی شوبات) 17 رووداوی جیاواز لە ناوچەکە تۆمارکراون کە 13یان هێرش بوون و چواریشیان جووڵەی گوماناوی بوون.
 
هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، کە رێڕۆیەکی ستراتیژییە و 20%ی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، لەوەتەی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، خەریکە بە تەواوی پەکدەکەوێ. ئێران وەک تۆڵەکردنەوە، ئەو کەشتییانە دەکاتە ئامانج کە دەیانەوێ لەو رێڕۆ ئاوییەوە تێپەڕ بن.
 
ئەم پێشهاتە نوێیانە لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، رۆژی سێشەممە چەندین کەشتیی ئێرانی نوقم کردووە، لەوانەش 16 بەلەم کە دەیانویست مین لە تەنگەی هورمز دابنێن. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە تاران و دەڵێ، ئەگەر مینییان لەو رێڕەوە ئاوییەدا داناوە، دەبێت "بە زووترین کات" لایبەن.
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا داوای لە هەموو کەشتییەکان کردووە بە وریاییەکی زۆرەوە لەو ناوچەیەدا هاتووچۆ بکەن و هەر جووڵەیەکی گوماناوی بە زوویی رابگەیێنن.