جووڵەی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز نزمترین ئاستی تۆمارکرد
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئامارە نوێیەکانی چاودێریی کەشتیوانی، رۆژی هەینی تەنیا دوو کەشتی لە تەنگەی هورمزەوە تێپەڕیون، ئەمەش وەک نزمترین ئاستی هاتووچۆی کەشتیوانی لەو ناوچە ستراتیژییە لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران هەژمار دەکرێت.
کۆمپانیای (S&P Global Market Intelligence) بۆ چاودێریی کەشتیوانی بڵاویکردەوە، ئەو دوو کەشتییەی ئەمڕۆ بە تەنگەکەدا تێپەڕیون، هیچیان نەوتهەڵگر یان گازهەڵگر نەبوون.
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە جووڵەی بازرگانی لەو رێڕەوە ئاوییە گرنگەی جیهان بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە؛ بە جۆرێک رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی رابردوو تەنیا چوار کەشتی و رۆژی سێشەممەش 8 کەشتی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون.
ئەم دابەزینە پێوانەییە لە کاتێکدایە، پێش دەستپێکی جەنگ، رۆژانە لەنێوان 130 بۆ 160 کەشتی لەو تەنگەیەوە تێدەپەڕین، کە باری نەوت، گاز، پەینی کیمیایی و بەرهەمە جیاوازەکانی وزەیان بۆ بازاڕەکانی جیهان دەگواستەوە.
تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان و نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، پەککەوتنی جووڵەی کەشتیوانی تێیدا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخەکانی وزە لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا دەبێت.