ئەمڕۆ ماوەی لێخۆشبوونی کڕینی نەوتی رووسیا کۆتایی دێت؛ "رێککەوتن کراوە درێژبکرێتەوە"

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، ئیدارەی ئەمریکا لێخۆشبوونی کڕینی نەوتی رووسیا درێژدەکاتەوە.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە رۆژی 11ی مانگی ئادارەوە و بۆ مانگێک رێگەی بە کڕینی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیا لە رێگەی دەریاوە دابوو، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی وزە لە جیهاندا لە کاتی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران. ئەمڕۆش ماوەی لێخۆشبوونەکە کۆتایی دێت.
 
بەپێی یەکێک لە سەرچاوەکان، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆبووەتەوە و لەسەر درێژکردنەوەی لێخۆشبوونەکە رێککەوتوون.
 
بەپێی سەرچاوەکان، چەند وڵاتێکی ئاسیاییش قسەیان لەگەڵ وەزارەتی وزە کردووە تاوەکو لێخۆشبوونی کڕینی نەوتی رووسیا درێژبکاتەوە. 
 
هیندستان و فلیپین دیارترین وڵاتانی ئاسیان کە داوایان کردووە رێگەیان پێبدرێت نەوتی رووسیا بکڕن و رایانگەیاندووە، بەشێک لەو نەوتەی رووسیا کە داوایانکردووە، هێشتا پێیان نەگەیشتووە.
 
بەهۆی شەڕی ئێرانەوە تەنگەی هورمز داخراوە و سەرەڕای ئاگربەست، هێشتا هاتووچۆی کەشتییەکان تێیدا ئاسایی نەبوونەتەوە. 
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دەڵێت، "ئەم شەڕە گەورەترین پچڕانی دابینکردنی نەوتی لە مێژوودا دروستکردووە."
 
پێشتر لە نێوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا رەخنە لە بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گیرابوو، چونکە دەکرێت هەوڵەکانی رۆژئاوا بۆ بێبەشکردنی رووسیا لە داهاتی نەوت بەهۆی شەڕی ئۆکراینا ئاڵۆز بکات.
 
ئەمریکا لە 20ی ئاداردا بۆ ماوەی 30 رۆژ لێخۆشبوونی لە سزاکانی سەر نەوتی ئێرانیش راگەیاندبوو، ئەمەش بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان، کە بووە هۆی رەخنەی یاسادانەرانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات.
 
جێری مۆران، سیناتۆری کۆماری، مانگی رابردوو گوتی، "لابردنی سزاکانی نەوت لە ئێستا لە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانەیە کە دەیانەوێت زیانمان پێبگەیێنن. ئێران و رووسیا پێکەوە کاردەکەن بۆ خستنە مەترسیی ژیانی ئەمریکییەکان و خەڵکی دیکەی بێتاوان."