داهاتی نەوتی عێراق بەشی سێیەکی پارەی مووچە دەکات


رووداو دیجیتاڵ

داهاتی نەوتی عێراق، تەنیا بەشی نزیکەی سێیەکی پارەی مووچە دەکات و بە گوتەی ئەندامێکی لیژنەی دارایی، بەغدا مانگانە پێویستی بە چوار بۆ پێنج تریلیۆن دینار دەبێت. 

بەگوێرەی ئاماری فەرمیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە مانگی ئاداری رابردوودا هەناردەی نەوت 18.6 ملیۆن بەرمیل بووە. داهاتی نەوت لەو مانگەدا یەک ملیار و 157 ملیۆن و 121 هەزار دۆلار بووە، کە بە بەهای فەرمیی دینار بەرامبەر بە دۆلار، دەکاتە 2.5 تریلیۆن دینار.
 
کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی عێراق لەکاتێکدایە، حکومەتی فیدراڵی مانگانە پێویستی بە 7.2 تریلیۆن دینارە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەوانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، بە مووچەی هەرێمی کوردستانیشەوە. 
 
راپۆرتی دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵی وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەبارەى خەرجى و داهات دەریخستووە زیاتر 84%ی خەرجییەکانی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت. بەپێی ئەوە بێت، داهاتی نەوت بەشی 34.7%ی پارەی مووچەی مانگێک دەکات.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕى میدیایی ووداوی گوت: "بەگوێرەی داهاتی ئێستای نەوت، دەبێت حکومەتی فیدراڵی مانگانە لەنێوان چوار بۆ پێنج تریلیۆن دینار قەرز بکات".
 
راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق دەریان خستووە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا قەرزەکانی گەیشتووەتە 10.5 تریلیۆن دینار.
 
بۆ چارەسەری ئەو کورتهێنانە لە پارەی داهات و خەرجی، حکومەتی کاربەڕێکەرى ئێستا دەستکراوە نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا.
 
جەمال کۆچەر رایگەیاند، چەند رێگەیەک لەبەردەم حکومەتدان بۆ چارەسەری ئەو کورتهێنانە، ئەوانیش قەرزکردنە لە بانکە حکومییەکانی رافیدەین و رەشید و تی بی ئای، کە رێژەی سوودەکانی کەمە بەراورد بە بانکە ئەهلییەکان، یان پەنابردنە بۆ راکێشانی یەدەگی دراوی بانکی ناوەندی.