راوێژکارێکی سوودانی: داهات چوار تریلیۆن دینارە و خەرجی دوو ئەوەندە


رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق رایدەگەیێنێت، بەهۆی کەمبوونەوەى هەناردەی نەوت، داهات نزیکەی چوار تریلیۆن دینارە، لەکاتێکدا خەرجیی هەشت تریلیۆن دینارە، بۆ چارەسەری ئەو دۆخەش دوو رێگەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی لەبەردەم عێراقدایە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سوودانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی زۆری داهاتی نەوت، دارایی گشتیی عێراق بە قۆناخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، ئەوەش وایکردووە داهاتی مانگانە بۆ نزیکەی چوار تریلیۆن دینار کەم ببێتەوە بەرامبەر بە پابەندییە داراییەکانی وڵاتەکە کە مانگانە زیاتر لە هەشت تریلیۆن دینارە. 
 
ئەو هەشت تریلیۆنە مووچە و خەرجییە بنەڕەتییەکانی بەکارخستن دەگرێتەوە.
 
موزهر محەممەد ساڵح رایگەیاند، ئەو پێشهاتە زیاتر قەیرانێکی کاتی دروست دەکات بۆ کەمیی نەختینە، نەک ئەوەی کورتهێنانێک بێت بۆ بەردەوامبوونی توانای دەوڵەت، بەڵام بەردەوامیی ئەو کەلێنە بۆ ماوەیەکی زۆر، گوشاری زیاتر لەسەر سەقامگیریی ئابووری و نەختینەیی عێراق دروست دەکات.
 
داهاتی نەوتی عێراق کە زیاتر 84%ی خەرجییەکانی عێراق پێکدەهێنێت، بۆ نزیکەی 2.5 تریلیۆن دینار کەمبووە، کە دەتوانێت تەنیا 34%ی پارەی مووچە دابین بکات.
 
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە، سیاسەتی دارایی دوو رێگە دەگرێتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەیرانە و گرنگترینیان بەردەوامیی خەرجیی گشتییە، یان ئەوەتا هەردوو رێگەکە پێکەوە دەگرێتە بەر.
 
رێگەی یەکەمیان: چالاکیی پارەدارکردنی نێوخۆیی زیاد بکرێت لە رێگەی قەرزی نێوخۆیی و قەرزی کورتخایەن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی، ئەوەش وادەکات بە شێوەیەکی خێرا نەختینە بەردەست بێت تاوەکو دەوڵەت بتوانێت پابەندییە داراییەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام ئەوەش ئەگەر بە ئەرێنى نەکرێت، دەبێتە هۆی زیادبوونی گوشاری هەڵاوسان و کاریگەری لەسەر بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار دەبێت.
 
رێگەی دووەم: پەنا بۆ پارەدارکردنی دەرەکی ببرێت لە رێگەی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان و دەرکردنی قەواڵەی دارایی و قەرزکردن لە دەرەوە، ئەوەش پاڵپشتی بۆ یەدەگی بیانیی بانکی ناوەندی دەکات و متمانە بە سەقامگیریی دارایی عێراق دەبەخشێت و بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار سەقامگیر دەکات، بەڵام ئەو هەنگاوەش مەرج و پابەندیی دارایی هەیە.
 
جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل وایکرد تەنگەى هورمز لە 28ى شوباتەوە دابخرێت کە رێگەی سەرەکیی هەناردەی نەوتی عێراق بوو، هەرچەندە ئێستا هەردوو بەرەی جەنگەکە لە ئاگربەستدان، بەڵام هێشتا کێشە بۆ جووڵەی کەشتییەکانی نەوت لەو تەنگەیەدا هەیە.
 
موزهر محەممەد ساڵح رایگەیاند، بڕی یەدەگی بیانیی عێراق ئێستا کەمتر لە 100 ملیار دۆلارە کە توانای دەستەبەرکردنی 12 مانگی هاوردەکردنی هەیە، لەکاتێکدا پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ توانای بازرگانیی یەدەگی بیانی سێ مانگە.