گازپرۆم نەفت لە هەرێمی کوردستان پەرە بە کارەکانی دەدات

رووداو - هەولێر 

کۆمپانیای گازپرۆم نەفت، باڵی نەوتی کۆمپانیای گازپرۆمی رووسیا، رایگەیاند، سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیازی پەرەپێدانی کارەکانی کۆمپانیاکەیە لەهەرێمی کوردستان، هاوشێوەی کۆمپانیای رۆسنێفت.


کۆمپانیای گازپرۆم نێفت لە هەرێمی کوردستان لە سێ بلۆکی سەرقەڵا و شاکەل و ‌هەڵەبجە سەرقاڵی کارەکانی پەیوەست بە دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوتە و لە عێراقیش لە کێڵگەی بەدرە رۆژانە 77 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.

بەرهەمهێنانی نەوت ئێستا لە هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیا بچووک و مامناوەندییەکان وەک کۆمپانیای گەنەل ئێنرجی و دی ئین ئۆ ئەنجام دەدرێت و کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئێکسۆن مۆبیل و شێڤرۆن هێشتا لە قۆناخی دۆزینەوەی نەوتدان و لەم دواییانەدا دەستبەرداری هەندێ لە بلۆکە نەوتییەکانیان بوون.

ڤادیم یاکۆڤلێڤ، جێگری یەکەمی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گازپرۆم نەفت لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمپانیاکەی، رایگەیاند "پێشنیازیان پێکراوە کە کارەکانیان لەهەرێمی کوردستان پەرەپێبدەن و ئێستا سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەو پێشنیازەن".

کۆمپانیای رۆسنێفتی رووسیا هەفتەی رابردوو لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری نێودەوڵەتی سان پێترسبۆرگ گرێبەستێکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژووکرد کە یەکێک لە خاڵەکانی پەرەپێدانی پێنج بلۆکی نەوتی لە هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت.

گازپرۆم نێفت یەکێکە لەو کۆمپانیا نەوتییانەی رووسیا کە زیاترین گەشەی لەڕووی قەبارەی بەرهەمهێنانەوە بەخۆیەوە بینیووە.

ئەلەکساندەر دیۆکۆڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گازپرۆم نێفت رایگەیاندووە "چاوەڕوان دەکات قازانجی کۆمپانیاکە لە ساڵی2017 دا بەرزبێتەوە، دوای ئەوەی توانیان لە ساڵی 2016 دا بڕی 3.5 ملیار دۆلار داهات کۆبکەنەوە.

کۆمپانیای گازپرۆم نێفت هەروەها پلانی هەیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە لە ساڵی2017 دا بەرزبکاتەوە بۆ رۆژانە یەک ملیۆن و 780  هەزار بەرمیل.

هەرێمی کوردستان بەنیازە بلۆکە نەوتییەکانی لەئەمساڵدا بەڕووی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بکاتەوەو دوای رێککەوتنەکەی لەگەڵ کۆمپانیای رۆسنێفت، پێشبینی دەکرێت کۆمپانیای نەوتی گەورەی دیکە روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن