راوێژکاری دارایی سوودانی: کڕینی دۆلار لەلایەن بازرگانان لە بازاڕی رەش، بەهای دیناری دابەزاندووە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ ئەوەی دەگەڕێتەوە، کە بەشێک لە بازرگانە قازانجخوازەکان روویان لە بازاڕی هاوتەریب (بازاڕی رەش)ی دراو کردووە بۆ کڕینی دۆلار، ئەمەش جارێکی دیکە گوشار لەسەر خواست بۆ دۆلار دروست دەکات.
موزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بازرگانانی بازاڕی رەش و مامەڵە سنووربەزێنە نایاساییەکان، بەردەوام هاوسەنگییەک لە نێوان چەند فاکتەرێکدا رادەگرن. لەلایەک، نزمیی نرخی دۆلار و ئاسانکاری لە دابینکردنی سەرمایە لە بازاڕی هاوتەریبدا بۆ بازرگانیی خێرا. لەلایەکی دیکەوە، تێچووی بەڕێوەبردن و چاودێرییان کەمە، بەتایبەتیش لەڕووی پابەندبوون بە رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە لە رێگەی دامەزراوە بانکییە فەرمییەکانەوە. ئەم بازرگانانە بەراوردی نێوان تێچووی پێشێلکردنی یاسا و مەترسییەکانی دەکەن بەرامبەر بەو قازانجە خێرایەی دەستیان دەکەوێت، بەتایبەت لە بازرگانییە سنوورییە بچووکەکاندا.
موزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک نرخی دۆلار دادەبەزێت، بازرگانەکان پێیان باشترە سەرمایە لە بازاڕی هاوتەریبەوە دابین بکەن، نەک بچنە نێو سیستمی فەرمیی گومرگ و میکانیزمەکانی باج. ئەم جۆرە چالاکییە بازرگانییە بچووکانە ئێستا زیاتر لە نیوەی بازرگانیی دەرەوەی وڵات پێکدەهێنێت. گوتیشی: "هەر کاتێک نرخی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا نزم بێت، بە بەراورد لەگەڵ تێچووی وردبینی و پابەندبوونی بانکی و گومرگی، ئارەزووی دابینکردنی سەرمایە لە بازاڕە نایاساییەکە (هاوتەریب) زیاتر دەبێت."
راوێژکارە داراییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێیوایە، هیچ هۆکارێک بۆ ئەم گوشارە نوێیە لەسەر دۆلار نییە، بەتایبەت کە دۆلار بەشێوەیەکی بەردەوام لە رێگەی سیستمی بانکیی فەرمییەوە بەردەستە. بەڵکو تاکە هۆکار پەیوەندیی بەو هاوسەنگییەوە هەیە کە لەنێوان تێچووی جێبەجێکردنی رێوشوێنە پێشکەوتووەکان و پراکتیزە جیهانییەکاندا هەیە، وەکو رێکخستنی شەفافییەتی بازرگانیی دەرەکی بۆ کاڵا هاوردەکراوەکان (وەکو بەدواداچوونی گومرگی) و سیستمە نوێیەکانی چاودێریی دیجیتاڵی.
موزهەر محەممەد ساڵح جەختی لەوە کردەوە، ئەمە کێشەیەکە لە رێکارە گومرگییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە وای لە بەشێک لە بازرگانە قازانجخوازەکان کردووە لە دەروازە فەرمییەکانی دابینکردنی سەرمایە دووربکەونەوە و روو لە بازاڕی هاوتەریبی دراو بکەن، ئەمەش جارێکی دیکە گوشار لەسەر خواست بۆ دۆلار دروست دەکات.
راوێژکاری دارایی سوودانی پێیوایە ئەم دۆخە پێویستی بە چاودێرییەکی وردتری هاوردەی نافەرمی هەیە، ئەویش لە رێگەی جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و کۆنترۆڵێکی کاریگەری گومرگییەوە. هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی حوکمڕانییەکی باشی دەروازە سنوورییەکان و رێگریکردن لە دابینکردنی سەرمایە بۆ بازرگانیی نافەرمی کردەوە، بەتایبەتی کاتێک نرخی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا دادەبەزێت.
دوێنێ بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزی و 100 دۆلار بە 143 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکرا.