نرخی نەوت بە رێژەی 4٪ دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
سەپاندنی پێناسی گومرکی بە رێژەی 100٪ بەسەر چین دا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، رۆژی هەینی نرخی نەوتی بە رێژەی 4٪ دابەزاند.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 2 دۆلار و 49 سەنت دابەزی و بە 62 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 2 دۆلار و 61 سەنت دابەزی و بە 58 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا لەسەرخۆ بەرەو پێشەوە دەچوون، کەچی دوایین پەرەسەندنی نێوان دوو وڵات دەتوانێت گەشەی ئابووری دابەزێنێت و خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمبکاتەوە.
چین دووبارە هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکانی بۆ ئەمریکا سنووردار کردووە. ئەوەش بووە هۆکار، سەرۆکی ئەمریکا لە (ترووس سۆشیاڵ)، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی، سەپاندنی 100٪ بەسەر بەرهەمی چینیدا رابگەیەنێت.
ئەندی لیپۆ، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاریی (لیپۆ ئۆیل ئەسۆسییەت)، لەو بارەیەوە رایگەیاند: "کاتێک بازاڕەکان دەبینن پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا تێکدەچێت، پێشبینی دەکەن گەشەی ئابووری دابەزێت و خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمبێتەوە."
زیادکردنی خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەس و کەمبوونەوەی خواست و ئاگربەستی غەززە هەروەها گوشاریان بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە.