ئۆنسەیەک زیو 83 دۆلاری تێپەڕاند


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زیو 4.21%، یاخود 3.40 دۆلار بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی گەیشتە 83.35 دۆلار.

کیلۆیەک زیو لە بازاڕەکانی جیهانیش ئێستا بە 2,680 دۆلارە. بەرەبەیانیی ئەمڕۆ زیو ئاستی 83.81 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
 
لە یەک هەفتەی رابردوودا ئۆنسەیەک زیو زیاتر لە 8 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ زیادبوونی گرژییە جیۆسیاسییەکان و پێشبینییەکان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە دەگەڕێتەوە.
 
وەبەرهێنەران بە وردی چاودێریی دۆخی ناوخۆی ئێران دەکەن، کە خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان پێدەنێنە هەفتەی سێیەمییان و بەپێی راپۆرتەکان، سەدان کوژراوی لێکەوتووەتەوە. 
 
ئەم ناسەقامگیرییە سیاسییە وایکردووە خواست لەسەر کانزا گرانبەهاکان وەک "پەناگەیەکی ئارام" زیاد بکات.
 
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری تووندی داوەتە سەرکردایەتیی ئێران لە بەکارهێنانی هێز دژی خۆپێشاندەران و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر تاران بە توندوتیژی وەڵامی ناڕەزایەتییەکان بداتەوە، واشنتن هەڵوێستی دەبێت. 
 
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێران هۆشدارییان داوەتە ئەمریکا و ئیسرائیل لە هەر جۆرە دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیان.
 
لە لایەکی دیکەوە، بازاڕەکان چاوەڕێی بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەپێی داتاکان، لە مانگی رابردوودا 50 هەزار هەلی کاری نوێ لە کەرتی تایبەتی ئەمریکا رەخساوە، کە کەمترە لە پێشبینییەکان و ئەگەری بەردەوامیی کەمکردنەوەی رێژەی سوودی زیادکردووە.
 
هەرچەندە چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی کۆتایی ئەم مانگەدا رێژەی سوود کەم نەکاتەوە، بەڵام بازرگانان گرەو لەسەر ئەوە دەکەن لە ئەم ساڵدا دوو جار رێژەی سوود کەمبکرێتەوە، ئەوەش پاڵنەرێکی دیکەی بەهێزە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کانزا گرانبەهاکان.